ئەنجوومەنی كەنداو: دەستدرێژیيەكانی ئێران مەحكووم دەكەین

سعوودیە ھەڵوێستی دیكەی دەبێت

K24 – هه‌ولێر:

وەزیرەی دەرەوەی سعوودیە لە دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجوومەنی ھاوكاری كەنداودا رایگه‌یاند، ئەگەر ئێران لەسەر سیاسەتەكانی ئەمدواییانەی بەردەوام بێت، سعوودیە ھەڵوێستی دیكەی دەبێت.

ئاژانسی هه‌واڵی "رۆیتەرز" بڵاویكردووەتەوە، عادل جوبه‌یر، وەزیرەی دەرەوەی سعوودیە, خۆی سەرۆكایەتی دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی كردووه‌و له‌ دوای دانیشتنه‌كه‌ش، لە كؤنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: "سعوودیە چاودێری ھەنگاوەكانی ئێران دەكات و بۆ كارێكیش كاردانه‌وه‌مان ده‌بێت".

هه‌رچه‌نده‌ وەزیری دەرەوەی سعوودیە روونی نەكردەوە كە ھەڵوێستیان بەرامبەر ئێران چی دەبێت، بەڵام گوتی: "بەمزووانە ھەموو شتێك ئاشكرا دەبێت".

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەكدا بۆ بان كى مۆن، سكرتێری رێكخراوی نەیەوە یەكگرتووەكان نووسیویه‌تی: "من و سەرۆك كۆمارى ئێران، چەندین په‌یامی تایبەتی و گشتیمان بۆ بەرپرسە باڵاكانی سعوودیە ناردووە و بۆ سەقامگیری ناوچەكە داوای ھاوكاریمان لێكردوون".

زه‌ریف له‌و نامه‌ تایبه‌تییه‌دا بۆ بانكى مۆن نووسیویه‌تی: "ئێران نایەوێت ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە زیاد بكات".

دوای پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و سعوودیە، وەزیرەكانی دەرەوەی شەش وڵاتی عەرەبی كه‌ پێكهاتوون له‌ "بەحرێن، قەتەر، عومان، كوێت، ئەمیر نشینی عەرەبی و سعوودیە" لە دانیشتنێكی نایاساییدا بیاننامەیەكیان دەركرد.

لە بەیاننامەكەدا ھاتووە:" ئەنجوومەنی ھاريكاری كەنداو دەستدرێژییەكانی ئێران مەحكووم دەكات و تاران بە بەرپرسی سەرەكی ئاڵۆزییەكان دەزانێت".

عەبدوللـەتیف ئەلزیانی، سكرتێری ئەنجوومەنی ھاريكاری كەنداو، لە كۆتایی دانیشتنەكەدا گوتی: "ھەڵسوكەوتی ئێران لەگەڵ قسەی بەرپرسەكانیان یەكناگرنەوە".

Fly Erbil Advertisment