کواڵێتیی کۆنترۆڵی دەرمان سێ بەرهەمی دابەزاندنی کێش دەکشێنێتەوە
دکتۆر عیسا عەبدولرەحمان: ماددەی شاراوەی سیبوترامین لە سێ بەرهەمەکەدا دۆزراوەتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی بوونی ماددەی شاراوەی مەترسیداری "سیبوترامینەوە" بڕیاری کشانەوەی سێ بەرهەمی دابەزاندن و زیادکردنی کێشی لە بازاڕەکان دا.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان (KMCA)، بڕیاری کشانەوەی سێ بەرهەمی لە بازاڕەکانی دەرماندا دا بە ناوەکانی (چای جنسینگ، قاوەی رۆما و قاوەی میلانۆ)، ئەو بەرهەمانە وەک تەواوکاری خۆراک و بەرهەمی تەندروستی بۆ دابەزاندنی کێش بەکاردەهێندران.
لەم بارەیەوە دکتۆر عیسا عەبدولرەحمان عیسا، بەرپرسی هۆبەی هۆشیاری و تەندروستیی دەرمان لە بەڕێوەبەرایەتییەکە بە هەڤرێست رەجەب، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی بەدواداچوونی بەردەوامی تیمەکانی چاودێریی بازاڕ بۆ سەرجەم بەرهەمە پزیشکی و تەندروستی و تەواوکارە خۆراکییەکان و پێداچوونەوە بە بەرهەمەکانی دابەزاندن و زیادکردنی کێش، تیمەکانیان نموونەی ئەو بەرهەمانەیان لە بازاڕ وەرگرتووە و رەوانەی تاقیگەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کردوون بۆ پشکنین.
دکتۆر عیسا عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوە دا، تیمەکانی تاقیگە شیکاریی کیمیایی وردیان بۆ ئەو سێ بەرهەمە کردووە و لە ئەنجامدا دەرکەوتووە ماددەیەکی شاراوەیان تێدایە بە ناوی (سیبوترامین)، بەبێ ئەوەی پێشتر لەلایەن کۆمپانیای دروستکەر و کۆمپانیای هاوردەکارەوە لەسەر پاکەتەکان ئاماژەی پێ درابێت. هەروەها گوتی، ماددەکە کێشە بۆ دڵ و کۆئەندامی سووڕان دروست دەکات، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و رەنگە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵیش.
بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی دەرمان داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان دەکات بە هیچ جۆرێک ئەو سێ بەرهەمە بەکارنەهێنن و ئەگەر لە لایانە دەستبەجێ رایبگرن. هاوکات داوای لە سەرجەم دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان کرد مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بەو بەرهەمانەوە رابگرن، بەپێچەوانەوە دووچاری رێکاری یاسایی دەبنەوە.
سەبارەت بە هەبوونی ستیکەری کواڵێتیی کۆنترۆڵی دەرمان لەسەر ئەو بەرهەمانە، دکتۆر عیسا عەبدولرەحمان روونی کردەوە، پڕۆسەی کشانەوەی دەرمان و بەرهەمی تەندروستی لە سەرانسەری جیهاندا پڕۆسەیەکی یاسایی و زانستییە و دوای خستنەبازاڕی بەرهەمەکان دەکرێت. ئەوەشی خستەروو، راستە ستیکەریان پێ دراوە و پێشتر سەرجەم فلتەرەکانیان بڕیوە، بەڵام دواتر لە رێگەی تیمەکانی چاودێریی بازاڕ و هۆبەی چاودێریی دەرمانەوە چاودێریی لێکەوتەکانیان دەکرێت، لە کاتی پشکنینی دووبارەی تاقیگەکانیشدا دەرکەوتووە کێشە لە داڕشتنیاندا هەیە و ئەو ماددە شاراوەیەیان تێدایە، بۆیە بەپێی هەڵسەنگاندنی سوود و مەترسی بڕیاری کشانەوەیان دراوە.
لە کۆتاییدا دکتۆر عیسا عەبدولرەحمان جەختی لەوە کردەوە، پێویستە هاووڵاتییان خۆیان بەدوور بگرن لە کڕینی دەرمان لە خۆیانەوە یان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئۆنڵاینەوە، چونکە دەبێت هەموو بەرهەمێکی دابەزاندن و زیادکردنی کێش و هەر بەرهەمێکی پزیشکی و تەندروستی تەنیا لە رێگەی پزیشک و دەرمانسازەوە وەربگیرێت. گوتیشی، پێویستە ئەو کەسانەی پێشتر ئەو سێ بەرهەمەیان بەکارهێناوە دەستبەجێ رایبگرن و ئەگەر هەستیان کرد دۆخی تەندروستییان جێگیر نییە، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی (KMCA) دامەزراوەیەکی رێکخەری سەر بە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستاندا چاودێریی تۆمارکردن، کوالێتی و سەلامەتیی دەرمان و بەرهەمە تەندروستییەکان دەکات. ئەو دامەزراوەیە هۆبەیەکی تایبەتی چاودێریی دەرمانی هەیە بۆ بەدواداچوونی کاریگەرییە لاوەکییەکان و کشانەوەی ئەو بەرهەمانەی مەترسییان لەسەر تەندروستیی گشتی هەیە.
سەبارەت بە ماددەی سیبوترامینیش، لە ساڵی 1997 وەک دەرمانی دابەزاندنی کێش پەسند کرابوو، بەڵام لە تشرینی یەکەمی 2010 لەلایەن دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) و دواتر لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاوە بە فەرمی قەدەخە کرا و لە بازاڕەکان کشێندرایەوە، دوای ئەوەی توێژینەوە پزیشکییەکان دەریانخست بەکارهێنانی ئەو ماددەیە بە شێوەیەکی بەرچاو مەترسیی جەڵتەی دڵ و مێشک و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زیاد دەکات.
لە ساڵانی رابردووشدا بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێمی کوردستان چەندین جار هاووڵاتییانی ئاگادار کردووەتەوە لە مەترسیی ماددە شاراوە کیمیاییەکانی نێو بەرهەمەکانی دابەزاندنی کێش، بەتایبەتی ئەوانەی بە ئۆنڵاین و لە دەرەوەی دەرمانخانە فەرمییەکان دەفرۆشرێن.