مۆساد هۆشداریی دەداتە واشنتن لە هەوڵێکی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ
بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی بۆ ئەمەریکا، ئێران پلانی هەیە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئیدارەکەی بە ئامانج بگرێت؛ ئەمەش وایکردووە رێکارە ئەمنییەکان لە واشنتن توندتر بکرێن و ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران کەم ببێتەوە.
بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و ئەمەریکا بە رۆژنامەی "ئیسرائیل هایۆم"ـیان راگەیاندووە، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) زانیاریی هەواڵگریی داوەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە بوونی پلانێکی ئێرانی بۆ بەئامانجگرتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئیدارەکەی.
ئەم هەڕەشانە بوونەتە هۆی گواستنەوەی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمەریکا بۆ شوێنی زۆر پارێزراو و کەمکردنەوەی دەرکەوتنەکانی ترەمپ لە بۆنە گشتییەکاندا، هاوکات رێکاری ئەمنیی تایبەت بۆ بەهێزکردنی پاراستنیان گیراوەتەبەر.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە، تەنانەت ئەگەر رێککەوتنێکی سەرەتاییش بێت؛ بەشێکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی مۆساد پێشکەشی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکا (CIA)ـی کردوون، کە ئاماژە بە بەنیازبوونی ئێران دەکەن بۆ بەئامانجگرتنی ترەمپ و بەرپرسانی ئیدارەکەی.
بەرپرسانی هەردوولا ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم هەڕەشانە یەکێک بوون لە هۆکارە سەرەکییەکان کە وایان لە ترەمپ کرد لەم دواییانەدا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر دانوستانەکان لەگەڵ تاران بگۆڕێت. هەروەها ئیسرائیل لەسەر داوای ئەمەریکا لە راست و دروستیی زانیارییە هەواڵگرییەکانی کۆڵیوەتەوە و دڵنیایی لە وردییان داوەتە دەزگا هەواڵگرییەکانی واشنتن.
رۆمان گۆفمان، بەڕێوەبەری مۆساد بە سەردانێک لە ئەمەریکایە و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس کۆبووەتەوە، لە نێویاندا جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا.
بەرپرسێکی باڵا روونی کردووەتەوە، ئەمەریکییەکان پێشوەختە ئاگاداری بوونی هەڕەشەی ئێرانی بوون بۆ سەر ژیانی بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا، بەتایبەت دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە سەرەتای هێرشە سەربازییە هاوبەشەکەی ئیسرائیل و ئەمریکادا؛ بەڵام ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی ئیسرائیل پێشکەشی کردوون ئاماژە بە هەڕەشەی دیاریکراو و نوێ دەکەن، کە ئەگەری ئەنجامدانی هێرش لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبرێژکراو دەگرێتەوە.
رۆژنامەی "ئیسرائیل هایۆم" ئاماژەی بەوەش کردووە، مەترسیداریی ئەم جۆرە هێرشانە لە سەختیی بەرپەرچدانەوەیاندایە بە رێکارە ئەمنییە تەقلیدییەکان.