حاكم قادر: گفتوگۆ و دانووستاندن لاوازیی نییە

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، گفتوگۆ و دانووستاندن لە نێوان لایەنە سیاسییەكان لاوازیی نییە، بەڵكوو نیشانەی بەرپرسیارێتییە.

K24- سلێمانی:

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، گفتوگۆ و دانووستاندن لە نێوان لایەنە سیاسییەكان لاوازیی نییە، بەڵكوو نیشانەی بەرپرسیارێتییە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی راشیگەیاند: "گفتوگۆ و دانووستاندن لە بەینی لایەنە سیاسییەكان لاوازیی نییە و نیشانەی بەرپرسیارێتییە بەرامبەر بە گەلەكەمان، بەتایبەتیی لە بارودۆخی ئەمڕۆ كە باری ئابووریی زۆر خراپ".

حاكم قادر گوتیشی: "پێویستە زۆر بەجدیی ھەوڵی گرنگی بۆ بدەین تا كێشەكان ئاڵۆزتر و خراپتر نەبوونە".

ھەر پەیوەست بە چارەکردنی كێشەكان لە ھەرێمی كوردستان عارف قوربانیی، نووسەر و چاودێری سیاسیی بە (كوردستان24)ی گوت: "پڕۆژەی ئێستای یەكێتیی پێشنیازی كردووە، تەعبیرە لە واقعی ئێستا كە پێویستە ھەموومان پێكەوە بین، باوەڕەم وایە گۆڕان پڕۆژەكە پەسەند دەكات".

عارف قوربانیی گوتیشی: "تەمەنی ئەم كابینەیە ساڵێك و ھەشت مانگی ماوە، ھیوادارم پارتیی ئەو پاكێجەی یەكێتیی قبوڵ بكات بۆ ئەوەی دەستەی سێ سەرۆكایەتییەكە جارێكی دیكە دابەش بكرێتەوە لە نێوان سێ ھێزە سەرەكیی و براوە، ئەمە ببێتە مۆدێلێكی تازە لە حوكمڕانی كوردیی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە".

لەم ھەفتەیەدا جارێكی دیكە گفتوگۆی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی باشووری كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان دەستیپێكردەوە، شاندی دانووستانكاری یەكێتیی رایانگەیاندووە كە بە چەند پێشنیازێكی دیكەی نوێ ھاتوونەتە نێو كۆبوونەوەكان.

ھەرچەندە پێشنیازەكانی یەكێتیی بە فەرمیی بۆ خەڵك رانەگەیاندراون، بەڵام بەپێی ھەندێك سەرچاوەی نافەرمیی یەكێك لە پێشنیازەكانی یەكێتی ھەڵبژاردەنەوەی ھەرسێ سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستانە لە نێوان پارتیی و یەكێتیی و گۆڕان كە پێشتر لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان رێكەوتوون.