"هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌وروپا زياتر ئاواره‌ و په‌نابه‌رى وه‌رگرتووه‌"

زیاتر له‌ 1 ملیۆن و 8 سه‌د هه‌زار په‌نابه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌نادراوون.

K24 - هه‌ولێر:

به‌ گوێره‌ی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تا ئێستا زیاتر له‌ 1 ملیۆن و هه‌شت سه‌د هه‌زار په‌نابه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌نادراوون.

رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی له‌ راپۆرتی خۆیدا، كە رۆژی ٢١ی كانوونی یەكەم/ دیسه‌مبه‌ری 2015 بڵاويكرده‌وه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌، نزیكه‌ یه‌ك ملیۆن په‌نابه‌ر گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌وروپا.

سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، دیندار زێباريی، لە روونكردنەوەیەكدا بۆ رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بەپێی بە دواداچوون بۆ ئەو ئامارانەی كە لەلایەن رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی بڵاوكرایەوە، دەركەوتووە لە كۆچبه‌رانى عێراقییه‌كان، ژمارەیەكی كەمیان كوردن و لە باشوورەوە روویان كردووەتە ئەوروپا.

زێباريی كەمی ژمارەی كۆچكردنی لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە عێراق و وڵاتانی دیكە گێڕایەوە بۆ ئەو پێكەوە ژیانەی، كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و گوتی: "بەهۆی ئەو زەمینەی پێكەوە ژیانەی لە هه‌رێمى كوردستاندا رەخساوە بۆ هەموو كەمایەتییە ئایینییەكان، ژمارەیەكی كەم لەم خەڵكە بیر لە جێهێشتنی كوردستان و كۆچكردن بەرەو ئەوروپا دەكەنەوە".

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا، بە رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی دراوە، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی بەوە كردووە، رێكخراو، كەسایەتی و سیاسەتمەدارانی جیهانی له‌كاتی سەردانیكردنییان بۆ هه‌رێمی كوردستان، گەواهی له‌سه‌ر ئه‌و پێكەوەژیانە ده‌ده‌ن كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.

به‌ گوێره‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌، سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، هەرێم باوەشی بۆ نزیكەی (2) ملیۆن ئاوارە و پەنابەر كردووەتەوە.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه،‌ تا ئێستاش هاتنی په‌نابه‌ران بەردەوامە، ئەمە لە كاتێكدا كە وڵاتانی دەوروبەری عێراق و سووریا بە ئاشكرا رایانگەیاندووە ناتوانن چیدیكە پەنابەر وەربگرن.

لە راپۆرتەكەی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتیدا هاتووە، لە كۆی ملیۆنێك و پێنج هەزار و پێنجسەد و چوار كەس كە گەیشتوونەتە ئەوروپا، هەشت سەد هەزاریان لە رێگای توركیاوە چوونه‌ته‌ ئه‌وروپا، كە 445 هەزاریان كۆچبەری سوورین.

هەروەها زیاتر لە 186 هەزار كۆچبەریش ئەفغانین، به‌ گوێره‌ی ئامارەكانیش، زیاتر لە 50% لە كۆچبەرەكان سوورین، 20%یان ئەفغانی و 7%یان عێراقین، بەڵام ئاماژە بەو كۆچبەرانە نەكراوە كە لە وڵاتانی به‌لقانه‌وه‌ روودەكەنە ئەوروپا.

هه‌روه‌ها تا ئێستاش ئامارێكی وردو دروست لەبەردەستدا نییە بۆ ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی لە هەرێمی كوردستانەوە چوونەتە ئەوروپا.

به‌ گوێره‌ی دوایین ئامار، بەشێكی زۆر لەو ئێزیدییانەی لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون، ئێستا رزگاركراون و گەڕاونەتە ناو بنەماڵەكانی خۆیان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان.

 لە دوایین ئاماریشدا ئاماژە بەوە كراوە لە كۆی 5838 كەس كە رفێنراون 2302 كەسیان رزگاركراوە.