ئه‌نجامده‌ری ته‌قینه‌وه‌ی ئیستانبول سووریی بووه
ناوی وه‌ك په‌نابه‌رێكی سووری تۆماركراوه
k24 - ئیستانبول:
وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا رایگه‌یاند، یه‌كێك له ئه‌نجامده‌رانی هێرشه خۆكوژییه‌كه‌ی ئیستانبول، ناوی وه‌ك په‌نابه‌رێكی سووری تۆماركراوه، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات خۆكوژه‌كه ناوی له لیستی داواكراوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌دا نه‌بووه.
وه‌زیری ناوخۆی توركیا رۆژی چوارشه‌ممه 13ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016 رایگه‌یاند، یه‌كێك له ئه‌نجامده‌رانی هێرشه خۆكوژییه‌كه‌ی ئیستانبول، كه به‌هۆیه‌وه نزیكه‌ی 10 گه‌شتیاری ئه‌ڵمانی گیانیان له‌ده‌ستدا، ناوی وه‌ك په‌نابه‌رێكی سووری له‌لایه‌ن داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی توركیا تۆمار كراوه و له ناو لیستی داوا كراوانیشدا نه‌بووه.
رۆژنامه‌ی "خه‌به‌ر تورك" وێنه‌ی ئه‌نجامده‌ره‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه، كه له كامێراكانی چاودێری ده‌ركه‌وتووه و ئاژانسه‌كانی هه‌واڵی ناوخۆی توركیاش ناسنامه‌ی ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌یان ئاشكرا كرد و رایانگه‌یاند، ئه‌نجامده‌ره‌كه ناوی "نه‌بیل فه‌زڵی"یه و له‌دایكبووی سعوودیه‌یه.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا روونیشی كرده‌وه، له‌رێگای لێكۆڵینه‌وه‌كان له شوێنی رووداوه‌كه له گۆڕه‌پانی نزیك مزگه‌وتی سوڵتان ئه‌حمه‌د له ئیستانبول و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كانی لاشه‌ی خۆكوژه‌كه، له رێگای یه‌كێك له په‌نجه‌كانی و وه‌گرتنی په‌نجه‌مۆر، ناسراوه‌ته‌وه.
ئاشكراكردنی ئه‌و زانیارییانه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا دوای ئه‌وه دێت، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، كه‌سێكیان به تۆمه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به‌و كرده‌وه‌یه‌و ده‌ستگیركردووه و به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كانیش، ئه‌و تۆمه‌تباره په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به ته‌قینه‌وه خۆكوژییه‌كه‌وه هه‌یه.
ئاژانسی هه‌واڵی "دۆغان"یش بڵاویكرده‌وه، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 9 گومانلێكراوی دیكه، له چه‌ند شوێنێكی جیاجیای توركیا ده‌ستگیر كراون، كه سێ له‌وان به‌ره‌گه‌ز رووسین.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیاش رایگه‌یاند، ژماره‌ی كوژراوه ئه‌ڵمانییه‌كان به‌هۆی كرده‌وه خۆكوژییه‌كه، گه‌یشته 10 كه‌س، دی مییزیر، وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت كه به ئه‌نقه‌ست هێرشكراوه‌ته سه‌ر گه‌شتیاره ئه‌ڵمانییه‌كان.
وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا پاڵپشتی وڵاته‌كه‌ی بۆ توركیا ده‌ربڕی و رایگه‌یاند ئه‌ڵمانیا له شه‌ڕی دژی تیرۆر پاڵپشتی ته‌واوی توركیا ده‌كات.