لایەنە سیاسییەكان چی لە بارەی كۆبوونەوەی ھەفتەی داھاتوو دەڵێن

یەکگرتوو: ئێستا باس باسی دەوڵەتی كوردیی و سەربەخۆی كوردستانە

K24 - ھەولێر:

بڕیارە ھەفتەی داھاتوو سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان كۆبێتەوە، بەر لە كۆبوونەوەكە چەند حزب و لایەنێکی سیاسیی راو پێشنیازەكانیان لە بارەی كۆبوونەوەكە دەخەنەڕوو.

خەلیل ئیبراھیم، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگوتووی ئیسلامیی كوردستان بە (كوردستان24)ی گوت: "قسە و پڕۆژەی ئێمە شتی تایبەت نییە باسی كێشەكانی میللەتە، ئەویش چارەسەركردنی ئەم دۆخەیە بە گشگیریی، وەك رێکخستنی ناوماڵی كورد و تێڕوانینە بۆ ئایندە. ھیوادارین كێشەكان چارەسەر بكەین و بەرەو ئەو ئایندە بچین كە خەونی ھەموو كورستان و ھەموو كوردە، لە ئێستا باس باسی دەوڵەتی كوردیی و سەربەخۆی كوردستانە".

هاوکات بەڵێن عەبدوڵڵا، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە (کوردستان24)ی رایگەیاند: "تاكە رێگە كە ھیچ بە دیلمان نییە تەنھا ئەوەییە لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان".

گوتیشی: "حكوومەتێك پێكھاتبوو دەبووایە ئەرك و مەھامی ئەو قۆناغە بەرپرسانە بەڕێ بكات، نەك بكەوینە ناو ململانێی حزبیی، دۆخەكە بگاتە شوێنێك كە كەسمان تەمەنای نەدەكرد".

توركمانەكانی ھەرێمی كوردستان كە زۆرجار گلەیی لە بەشی خۆیان دەكەن، بە نیازن لەو كۆبوونەوەشدا لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان باسی مافەكانیان بكەن لە دابەشكردنی پۆست لەو بارەوە، مۆنا قەھوەچیی، سەرۆكی پارتی چاكسازیی پێشكەوتووی توركمان، دەڵێ: "وەک توركمان تا ئێستا لە ھیچ كابینەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئیستحقاقی خۆمان پێنەدراوە، وەك نەتەوەی دووەم لە ھەرێمی كوردستان مافی خۆمانە جێگری دووەمی سەرۆكی ھەرێم بدرێتە تورکمان".

بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان و تاوتوێكردنی رەوشی ناوچەكە، بڕیارە مەسعوود بارزانیی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەرجەم لایەنەسیاسییەكانی باشووری كوردستان كۆببێتەوە، خەڵكی كوردستانیش ئومێد دەكەن لایەنە سیاسییەكان بە گفتوگۆ و لێكنزیكبوونەوەی بۆچوونەكان، ببن بە یەك دەنگ لە بەرامبەر مەترسییەكانی ناوچەكە و بەرگریكردن لە داخوازییەكانی گەلی كوردستان.