زانیاری لە بارەی كردنەوەی خوێندنی هاوتەریب لە زانكۆیەكی كوردستان
مەرجی تەمەن و ساڵی دەرچوون لە شەشەمی ئامادەیی لەبەرچاو ناگیرێت
K24- ھەولێر:
زانكۆیەكی باشووری كوردستان خوێندنی هاوتەریب لە سەرجەم بەشەكانی فاكەڵتییەكان راگەیاند و مەرج و تایبەتمەندییەكانیشی دەخاتەڕوو.
سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران لە باشووری کوردستان لە ماڵپەری تایبەتی زانكۆ رایگەیاند: "دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی زانکۆی سۆران لە ناوەڕاستی ئەم ھەفتەدا بڕیاردرا لە سەرجەم بەشەکانی فاکەڵتییەکانی زانکۆی سۆران، خوێندنی پاڕاڵێل (هاوتەریب) بۆ خوێندنی ئەم ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦ بکرێتەوە".
لەو راگەیاندراوەی زانكۆی سۆران ئاماژە بە مەرج و تایبتمەندییەكانی وەرگرتنی خوێنداكاران كراوە کە: "دەبێ داواكار بڕوانامەی پۆلی شەشەمی ئامادەیی (زانستی یان وێژەیی) هەبێت، ھەروەھا بۆ بەشەکانی فاکەڵتیی ئەندازیاریی رەچاوی (١٥) نمرە کەمتر دەکرێت لە کۆنمرەی وەرگرتنی هەمان ساڵی قوتابی و بۆ بەشەکانی دیكەی فاکەڵتییەکان رەچاوی (٢٠) نمرە کەمتر دەکرێت لە کۆنمرەی وەرگرتنی هەمان ساڵی قوتابی".
ئەوە رونكراوەتەوە، مەرجی تەمەن و ساڵی دەرچوون لە شەشەمی ئامادەیی لەبەرچاو ناگیرێت. و وەرگرتن لە هەر بەشێک سنووردارە و لە سەر بنەمای پێشبڕکێ دەبێت. واتە لە کاتێکدا ئەگەر بەشێک خوازیاری زۆری هەبێت، ئەوا بە پێی کۆنمرەیان باشترینیان هەڵدەبژێردرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکەی زانکۆی سۆران: ھەر وەك لە بەرامبەر خوێندنی هاوتەریب، قوتابی ساڵانە بڕە پارەیەک دەداتە زانکۆ و بۆ هەر بەشێک نرخێک دیاری کراوە. و داواكار ئەرکی نیشتەجێبوون و دەرماڵەی ناکەوێتە سەر ئەستۆی زانکۆ.
لە كۆتایی راگەیاندراوەكە زانكۆی سۆران ئاگاداری قوتابیانی خوازیاری خوێندنی هاوتەریب دەكاتەوە کە: ماوەی داواكاری 10 رۆژە و لە 14ی ئەم مانگەدا دەست پێدەكات و تا 24ی مانگ لە (تۆماری گشتیی زانکۆی سۆران) بەردەوام دەبێت.