مه‌سروور بارزانى داوايهك ئاراسته‌ى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات
راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سروور بارزانيى، له رێگه‌ى شاندێكى فه‌ره‌نسا، داوايه‌كى ئاراسته‌ى هاوپه‌يمانێتيى نێوده‌وڵه‌تيى له دژى داعش كرد.
K24 – هه‌ولێر:
راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سروور بارزانيى، له رێگه‌ى شاندێكى فه‌ره‌نسا، داوايه‌كى ئاراسته‌ى هاوپه‌يمانێتيى نێوده‌وڵه‌تيى له دژى داعش كرد.
به گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوێكى نووسينگهى راگهياندنيى راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان، كه وێنه‌يه‌كى بۆ ماڵپه‌ڕى كوردستان 24 نێردراوه، ئه‌مڕۆ، مه‌سروور بارزانى پێشوازى له شاندێكى سه‌ربازى فه‌ره‌نسا كردووه.
له ميانى كۆبوونه‌وه‌ى نێوانياندا، مه‌سروور بارزانى داواى له شانده‌كه كردووه، كه "پێویسته له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی دیكه‌ی هاوپه‌یمانی جیهانیدا دووپات له‌سه‌ر پرسى چاره‌سه‌ركردنی كێشه دارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه، كه به‌هۆی بڕینی بودجه له‌لایه‌ن به‌غدا، تێچووی زۆری شه‌ڕ، بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره و دابه‌زینی نرخی نه‌وت روبه‌ڕووی هه‌رێمى كوردستان بووه‌ته‌وه".
له به‌شێكى ديكه‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا، هاتووه: له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا، مه‌سروور بارزانيى روونيكردووه‌ته‌وه، كه "پێویسته وڵاتانی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانی جیهانیدا له پێداویستی و تێچووی شه‌ڕى داعشدا پاڵپشتی زیاتری پێشمه‌رگه بكه‌ن".
شانده سه‌ربازييه‌كه‌ى فه‌ره‌نسا به سه‌رۆكایه‌تی ژه‌نه‌راڵ گریكۆر دی سانت كۆینتن، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تی فه‌ره‌نسا، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانيان كردووه.
وه‌ك ئه‌وه‌ى له راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: شانده‌كه‌ى فه‌ره‌نسا رايانگه‌ياندووه، وڵاته‌كه‌يان به نیازه كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو بگرێته به‌ر بۆ پشتیوانیكردنی زیاتری هێزى پێشمه‌رگه و دابينكردنى پێداويستييه‌كانى هێزى پێشمه‌رگه.