رۆژنامەیەکی ئیسرائیلیی: داعش له سهدا پهنجاى مووچهى ئهندامانى بڕى
"بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە داعش پێيدا تێدەپەڕێ"
K24
رۆژنامەی جۆریڵیزم پۆست (The Jerusalem Post)ی ئیسرائیلیی رایگەیاند بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە رێکخراوی داعش پێدا تێدەپەڕێ داعش مووچەی ئەندامەکانی 50% کەمکردووەتەوە.
رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا دەشڵێ: "کەمکردنەوەی مووچەی ئەندامانی داعش بە رێژەی نیوە ئاماژەیەکە بۆ ئەو قەیرانە داراییەی کە رێکخراوەکە پێدا تێدەپەڕێ بەهۆی بەردەوامیی بە ئامانجکردنی سەرچاوە داراییەکانی لە عێراق و سووریا".
رۆژنامەی جۆریڵیزم پۆست ئاماژەش دەکات کە: "بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان لە نێو رێکخراوی داعش ئاشکرایان کرد کە داعش مووچەی ئەندامەکانی بۆ نیوە کەمکردووەتەوە".
رۆژنامەکە ئاشکراشی دەکات کە: "بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان لە لایەن دامەزراوەی بەیتولمالی موسڵمانانی سەر بە رێکخراوی داعش دەرکراون لە مانگی 12 ساڵی 2015".
رۆژنامەی جۆریڵیزم پۆست باس لەوەش دەکات کە: "داعش لەو بەڵگەنامانە بە قورئانی پیرۆز لەگەڵ شوێنکەوتوانی دەدوێ و جەخت لەسەر جیهادکردن دەکات بە پارە کە هاوشێوەی جیهادکردنە بە خۆ".
ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی هەشتی ساڵی 2014وە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی بەردەوامە لە بۆردوومانکردن و بە ئامانجکردنی مۆڵگەو چەکداران و سەرچاوەکانی داعش لە عێراق و سووریا.
نوێترین بە ئامانجکردنی سەرچاوەی داهاتی داعش بۆردوومانکردنی گەنجینەیەکی داعش هەفتەی رابردوو بوو لە شاری مووسڵ لە باکووری عێراق، کە بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بڕێکی زۆر پارەی تێدا بووە.