شەڕ و ئاڵۆزی 198ھاووڵاتی باكووری كوردستانی كردووەتە قوربانی
"40 ھاووڵاتی لە ناو ماڵەكانیاندا تەقەیان لێكراوە".
K24 - ئامەد:
كۆمەڵەی مافی مرۆڤی توركیا رایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگدا بەھۆی شەڕو ئاڵۆزییەكان لە باكووری كوردستان 198 ھاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە.
بە گوێرەی راپۆرتی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی توركیا، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 198ھاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە، لە راپۆرتەكەدا ھاتووە قەدەغەكردنی ھاتووچۆ لە ناو شار و شارۆچكەكانی باكووری كوردستان پێشێلكردنی مافی مرۆڤە كە بەردەوامە لە شەقام و كۆڵانەكاندا".
راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە: "لەو ماوەیەدا 58 قەدەغەی ھاتووچۆ لە 19 ناوچەی 7 شاری باكووری كوردستان ھەبووە، لەو ناوچانەش ھاووڵاتیان رووبەڕوی ژیانێكی سەخت بوونەتەوە و ئاستەنگ خراوەتە بەردەم ژیانی رۆژانەیان".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "لە ناوچەی سوور لە شاری ئامەد نزیكەی دوو مانگە قەدەغەی ھاتووچۆ بەردەوامە، ھەروەھا لە شارۆچكەی جزیرێ لە ناوچەی شرناخ، ماوەی مانگێك زیاترە ھاتووچۆی ھاووڵاتیان قەدەغەیە، كە تەنھا لەو ناوچەیە 113 ھاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە لە نێویاندا 40 ھاووڵاتی لە ناو ماڵەكانیاندا تەقەیان لێكراوە".
كۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە توركیا لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا ئەوەی خستوەتەڕوو: "توركیا ھەم دەستووری وڵاتەكەی و ھەمیش پەیمانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی پێشێل كردووە".
بە گوێرەی ھەمان راپۆرت لەو ماوەیەدا بە ھۆی شەڕ وئاڵۆزییەكانەوە 200 ھەزار كەس لە باكووری كوردستان، ماڵ و حاڵیان جێھێشتووە و ئاوارەی شوێنەكانی دیكە بوونە".
بەگوتەی دانیشتووانی باكوور و راپۆرتی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و سوپای توركیا بووەتە ھۆكار بۆ تێكچوونی ژیان و گوزەرانی خەڵكی، جگە شەڕ لە ناوچە سنوورییەكان، شەڕ و پێكدادان لە ناوشارەكان لە نێوان گەنجانی نزیك لە پەكەكە و ھێزە ئەمنییەكانی توركیا بەردەوامە.