كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەستی پێكرد
لە كۆبوونەوەكەدا باسی سێ خاڵ دەكرێت
K24 - ھەولێر:
كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان دەستیپێكرد.
پەیامنێری (كوردستان24) رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان دەستیپێكرد، لەو كۆبوونەوەیەدا سێ خاڵ باسدەكرێن، وەك پرسی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، پرسی ریفراندۆم، قەیرانی ئەبووریی".
گوتیشی: "ھەر یەك لە سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆك وەزیران، بەشداری لەو كۆبوونەوەدا دەكەن".
لە كۆبوونەوەكەدا ھەر یەك كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا شاندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێكھاتوون لە مەلا بەختیار، حاكم قادر، سەعدی پیرە، عومەر فەتاح، لە پارتی دیموكراتی كوردستان فازل میرانی، مەحموود محەممەد، بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن، لە یەكگرتووی ئیسلامی محمەد فەرەج، ئەمینداری گشتی بەشدار دەبێت، ھەروەھا پارتە سیاسییەكانی دیكەی باشووری كوردستان بەشداری لەو كۆبوونەوەیە دەكەن، جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كە رایانگەیاندووە بەشدار نابن لە كۆبوونەوەكە.
پێشتر سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی ھەرێمی كوردستان بە (كوردستان24)ی راگەیاندبوو، بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگە چارە و تاوتوێكردنی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان، بانگێشت نامەی ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان كردووە.