لە ساڵیادی رزگاركردنی كۆبانێ ھاووڵاتیانی رۆژئاوای كوردستان ئاھەنگ دەگێڕن

بەردەوام دەبین لە سەر ئۆپەراسیۆنەكانمان

K24 - كۆبانێ:

دوای ساڵێك رزگاركردنی شاری كۆبانێ لە دەست چەكدارانی داعش ھاووڵاتیان بە ئاھەنگ و دەربڕینی خۆشیەوە یادی ئەو رۆژە دەكەنەوە.

لە ساڵیادی رزگاركردنی شارەكەیان لە دەست چەكدارانی داعش، دانیشتووانی كۆبانێ و ھێزە سەربازییەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، ئاھەنگێكیان لە چیای مشتەنور رێكخست، جگە لە دەربڕینی پەیام و پیرۆزبایی كردن لەو رۆژەدا بە گوتنەوەی سروودە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان ئەو یادی رزگاركردنی كۆبانێ-یان كردەوە.

شەڕڤانێكی یەپەگە كە بەشداری لە ئاھەنگی ساڵیادی رزگاركردنی كۆبانێ كردبوو بە (كوردستان24)ی گوت: " بەردەوام دەبین لە سەر ئۆپەراسیۆنەكانمان، تا ئازادكردنی ھەموو شار و شارۆچكەكانی رۆژئاوای كوردستان لە دەست چەكدارانی داعش".

دوای شەش مانگ شەڕێكی سەخت و گەماڕۆدانی كۆبانێ لە لایەن چەكدارانی داعش، بە پشتیوانی فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان و ھاوكاری پێشمەرگە، ھێزی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و ھێزی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە رۆژئاوایی كوردستان توانیان كۆبانێ لە دەست چەكدارانی داعش رزگار بكەن.