ئێران: 80%ی ئەو كاندیدانەی رەتكراونەتەوە سكاڵایان تۆمار كردووە

مورتەزا بەختیاری، داوای لە دەزگا ئەمنییەکانی ئێران کردووە، رێگە لە ھەر چەشنە کاردانەوەیەكی كاندیدە رەتکراوەکان بگرن.

K24 – تاران:

محەممەد رەزا مووساخانی, بەرپرسی وەرگرتنی سکاڵای كاندیدەكانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران، رایگەیاند: "تا ئێستا 80%ی ئەو كەسانەی لە فیلتەری شوورای نیگەھبان بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران دەرنەچوون، سکاڵایان تۆمار کردووە".

مووساخانی گوتی: "ئەو كەسانەی ناویان بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران نەگەڕاوەتەوە، تا کۆتایی ئەمڕۆ شەممە کاتیان ھەیە بۆ ئەوەی سکاڵاکانیان تۆمار بکەن". 

پێشتريش مورتەزا بەختیاری، جێگری دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران،  گوتی: "ئەگەر ئەو كەسانەی ناویان بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی نەگەڕاوەتەوە، زیادەرۆیی بكەن رووبه‌ڕووی سزادان دەبنەوە". 

هه‌روه‌ها گوتبووی: "بەشێک لەو ١٢هەزار کەسەی ناویان بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی نووسیوە، دەیانزانی ئەگەری گەڕانەوەی ناویان ئه‌سته‌مه‌، بەڵام خۆشییان كاندید كرد". 

جێگری دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو: "ئەو كەسانە تەنیا بەو مەبەستە ناونووسییان كرد بۆ ئەوەی دوای نەگەڕانەوەی ناویان له‌ دژی ئەنجوومەنی چاودێری ھەڵوێست بگرن".

مورتەزا بەختیاری، داوای لە دەزگا ئەمنییەکانی ئێران کردووە، رێگە لە  ھەر چەشنە کاردانەوەیەكی كاندیدە رەتکراوەکان بگرن.