سی ئای ئەی و هەواڵگری ئەمریکا رووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی دەبنەوە

هەواڵگری ئەمریکا
هەواڵگری ئەمریکا

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی) و نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی رووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بوونەوە، ئەمەش بووە هۆی ئاشکرابوونی هەندێک زانیاریی پۆلێننەکراو.

ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییەی بەم دواییە ئاشکرا بوو، سیستەمێکی شیکاریی زانیارییە هەواڵگرییە سەرچاوەکراوەکانی کردە ئامانج، کە تۆڕێکی کۆمپیوتەرییە و بۆ شیکارکردنی کەرەستە گشتی و پۆلێننەکراوەکان و دەرهێنانی ئاماژەکان بەکاردێت.

بەرپرسانی ئەمریکی و سەرچاوە ئاگادارەکان رایانگەیاند، هیچ زانیارییەکی پۆلێنکراو لەو هێرشەدا ئاشکرا نەبووە.

هاوکات بەرپرسێک لە نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی جەختی کردەوە، هێرشەکە نەبووەتە هۆی پەکخستنی هیچ توانایەکی سەرەکی، لە کاتێکدا دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا خۆی لە لێدواندان لەو بارەیەوە بەدوور گرت.

بەگوێرەی فرانس پرێس، هێرشەکە چەند رۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان هات لەبارەی تووشبوونی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئێف بی ئای بە هێرشی ئەلیکترۆنی، ئەمەش لە کاتێکدایە نیگەرانییەکان لەسەر ئاسایشی سیستەمە زانیارییەکانی ئەمریکا دوای شەپۆلێک لە کێشە تەکنیکییە بەرفراوانەکان زیادیان کردووە.

رۆژی شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئەو هێرشەی کرایە سەر نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی رایگەیاند، بەم دواییە ئاگاداری بابەتەکە بووە.

ترەمپ بە فۆکس نیوز گوت: "تەنیا ئەوە دەڵێم کە ئەمە باش نییە. ئەم بابەتەم بەدڵ نییە".

لە چەند هەفتەی رابردوودا کێشە تەکنیکییەکان بوونە هۆی تێکچوونی کەرتی گەشتوگوزار، پەیوەندییەکان و بازرگانیی ئەلیکترۆنی لە سەرانسەری ئەمریکا، هەروەها تۆڕێکی نهێنیشی گرتەوە کە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بەکاری دەهێنێت.

هەفتەی رابردوو شۆن کێرنکرۆس، بەڕێوەبەری ئاسایشی سایبەریی نیشتمانی لە پۆستەکەی لادرا، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی رەخنەکان بەهۆی دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە.