وەزارەتی دادی ئەمریکا هواوی بە هاوکاریی هەواڵگریی ئێران تۆمەتبار کرد

دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا، وەزارەتی دادی ئەمریکا کۆمپانیای تەکنەلۆژیای چینیی هواوی بە بەشداریکردن لە پشتیوانیکردنی چالاکییەکانی چاودێری لە ئێران تۆمەتبار کرد.

بەگوێرەی وەزارەتەکە، هواوی کامێرای چاودێریی بۆ حکوومەتی ئێران دابین کردووە تاوەکو چاودێریی خۆپیشاندانەکان بکات. هاوکات یارمەتیی دەزگای هەواڵگریی ئێرانی داوە چاودێریی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت بکات و سانسۆر بخاتە سەر ناوەڕۆکەکان.

وەزارەتی دادی ئەمریکا روونیکردەوە، ئەو کۆمپانیایە چەندین جار سەبارەت بە سروشتی کارەکانی لە ئێران درۆی کردووە و بە شێوەیەکی چەواشەکارانە بە بانکەکان، رۆژنامەنووسان و حکوومەتی ئەمریکای راگەیاندووە، یارمەتیی حکوومەت، سوپا یان دەزگاکانی هەواڵگریی ئێران نادات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دادوەران لە نیویۆرک کۆمپانیای هواوی، کە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری کەرەستەکانی پەیوەندییە لە جیهاندا، بە دزینی نهێنییە بازرگانییەکان تاوانبار کرد، بەڵام لە تۆمەتێکی مەترسیدارتر کە پەیوەندی بە رێکخستنی سەرانەسەندنەوە هەبوو، بێتاوانی کرد.

داواکارانی گشتی کۆمپانیاکەیان تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ راکێشانی کارمەندانی کۆمپانیاکانی پەیوەندیی ئەمریکا و بەدەستهێنانی زانیاریی تەکنەلۆژی لێیان. بەپێی لیستی تۆمەتەکان، ئەم کارە رێگەی بە کۆمپانیاکە داوە بەرهەمی هاوشێوەی رکابەرەکانی پەرە پێ بدات و پاشان بە نرخێکی کەمتر بیانفرۆشێت.

هاوکات ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، تۆمەتەکان بەرنامەیەکی ناوخۆیی لەخۆدەگرن کە پاداشتی ئەو کارمەندانە دەداتەوە، کە نهێنییەکانی پەیوەست بە پرۆسەی بەرهەمهێنان لە کۆمپانیا رکابەرەکان بەدەستدەهێنن.

وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو موڵکە هزرییەی دەستی بەسەردا گیراوە، نهێنیی بازرگانی و ماددەی پارێزراو بە مافی لەبەرگرتنەوە لەخۆدەگرێت، لەوانە کۆدی بەرنامەسازی، رێبەری بەکارهێنانی ئامێرەکانی رووتەری ئینتەرنێت، تەکنەلۆژیای ئەنتێنا و تەکنەلۆژیای تاقیکردنەوەی رۆبۆتەکان. لە بەرامبەردا، دادوەران کۆمپانیاکەیان لە دوو تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ سەرانەسەندن و بەربەستخستنە بەردەم دادپەروەری بێتاوان کرد.

لە وەڵامدا، کۆمپانیا چینییەکە دژایەتیی خۆی بۆ بڕیاری تاوانبارکردنەکەی لە ئەمریکا راگەیاند، بڕیارەکەی بە بێ بنەما ناوبرد و هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی کرد.

کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، تۆمەتەکانی ئەمریکا لە بنەمای یاسایی و واقیعی بێبەشن. هەروەها گوتی: "بڕیارە پەیوەندیدارەکان بە وردی تاوتوێ دەکەین و سەرجەم رێکارە یاساییە پێویستەکان بۆ بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانمان دەگرینە بەر."

لەلایەکی دیکەوە، تود بلانش، وەزیری دادی ئەمریکا جەختیکردەوە، هیچ کەس یان کۆمپانیایەک لە سەرووی یاساوە نییە و گوتی: هواوی و سێ کۆمپانیای سەر بەو، بۆ ماوەی دەیان ساڵ کارەکانیان لە ئەمریکا لەسەر بنەمای درۆ و دزی بەڕێوەبردووە.