سالم مسڵەت: سوپاسی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەكەین
"تا ئەو رژێمە بمێنێتەوە ستەم و چەوساندنەوە لەسەر گەلانی سووریا لاناچێت"
K24- جنێڤ:
گۆتەبێژی شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ دانووستاندنەکانی جنێڤ، رایگەیاند، سوپاسی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەكەین، ھەوڵی زۆریداوە پشتوپەنای سوورییەكان بێت لەو قۆناغە ھەستیار و ناخۆشەدا.
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) سالم مسڵەت، گۆتەبێژی شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ دانووستاندنەکانی جنێڤ3، رایگەیاند: "سوپاسی تایبەتی بەڕێز مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەكەین ھەوڵی زۆریداوە، پشتوپەنای سوورییەكان بێت لەو قۆناغە ھەستیار و ناخۆشەدا".
گوتیشی: "ھەموو چینەكان لە سووریا ئازار دەكێشن بە كوردیشەوە، كورد بە درێژایی پەنجا ساڵ لە سووریا چەوساوەتەوە، ئێستا عەرەبیش دەچەوسێندرێتەوە، ئەم چەوساندنەوە و ستەمە لەسەر گەلانی سووریا لا ناچێت تا ئەو رژێمە بمێنێتەوە".
ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئێمە مەرجمان دانانەوە بۆ كۆنگرەی جنێڤ3، بەڵكو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی مەرجی بۆ رژێمی سووریا داناوە، پێویستە ئەو مەرجانەی دایناوە لەسەر رژێمی سووریا جێبەجێی بكەن".