ژمارهى کوژراوەكانی سوپای پاسداران لە سووریا زياتر دهبێت
لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، 100 ئەندامی سوپای پاسداران لەشهڕى ناوخۆی سووریادا كوژراون.
K24 – تاران:
لهگهڵ چڕكردنهوهی هێرشى سەربازانی رژێمی سووریا و فڕۆکەکانی رووسیا بۆ سەر حەلەب، ژمارەی پاسدارە کوژراوەکانی ئێرانیش لە سووریا زیادی كردووە و سێ فەرماندەی پلە بەرزی پاسدارن لە نێو کوژراوان دان.
ئاژانسی ئیرنا، بڵاویكردووەتەوە: "رۆژی هەینی تەرمی مستەفا خەلیلی، مەحموود موراد ئەسکەندەری و داوود نەریمیسا لە پارێزگای خوزستانی باکووری ئێران نێژراون".
ئیسناش بڵاویكردووەتهوه: "تەرمی ئەحمەد مەجدی و ئەحمەد ئەلیاسی لە ئەندیمەشك نێژراون".
ھاوكات فارسنیوز نووسیویەتی: "محەممەدعەلی قوليزادە بەرپرسی نوێنەرایەتیی خامەنەئی لە یەکەی ئەمنیی پاسدارانی قوم و سەجاد رۆشنایی فەرماندەی یەکەیەکی سوپای ١٧عەلی ئەبیتالبی قوم و عەلی ئەکبەر عەرەبی و جێگرەکەی لە سووریا کوژراون".
ماڵپەڕی ئیبناش ناوی هەشت کوژراوی دیکەی بڵاوکردووەتەوە.
هەروەها ماڵپەڕی میزان سەر بە دەستەڵاتی دادوەری ناوی مورتەزا توڕابی ئەندامی پلەبەرزی سوپای پاسدارانی له هەمەدان بڵاوكردووەتهوه كه لە ریزی کوژراوانه.
ئەوە لە كاتێكدایە فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، محەممەد جەعفەری رایگەیاند: "مەترسییە سەرەكییەكانی سەر سنوورەكانی ئێرانمان دوور كردووەتەوە".
جەعفەری گوتی: "ئامانجی نهيارانى ئێران ئەوەیە، رێگرى له بڵاوبوونەوەی شۆڕشى ئیسلامیی ئێران بگرن، پێویستە بزانین لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ئینقلابی ئیسلامیی بەرگری ئێمەش ئاڵۆزتر دەبێت".
فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران سەبارەت بە شەڕی ناوخۆی ئێران گوتی: "چارەسەر ئەوە نییە لە ئێرانەوە ھێز بۆ سووریا بنێرین بۆ ئەوەی بەشداری شەڕی راستەوخۆ لەگەڵ داعش بكەن، بەڵام خولیا و ئاواتی چوونە شەڕ لەنێو ھێزی پاسداراندا ئەوەندە بەرزە، خۆبەخشانە داوا دەكەن بۆ شەڕی دژی داعش روو بكەنە سووریا".
لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، 100 ئەندامی سوپای پاسداران لە شهڕى ناوخۆی سووریادا كوژراون.