حه‌شدی شه‌عبی ده‌ست به‌سه‌ر موڵكی كریستیانه‌كانی به‌غدا ده‌گرێت

حه‌شدی شه‌عبی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن

K24 ـ هه‌ولێر:

پیاوانی ئایینی و سیاسه‌تمه‌دارانی كریستیانه‌كان، چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی به داگیركردنی ماڵ و موڵكی كریستیانه‌كانی به‌غدا تۆمه‌تبارده‌كه‌ن.

یونادم یوسف كه‌ننا‌، سكرتێری گشتی حزبی بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشووری و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، مافیا و میلیشیاكان كه‌ سه‌ربه‌ حه‌شدی شه‌عبین، به‌ به‌كارهێنانی چه‌ك ده‌ستده‌گرن به‌سه‌ر زه‌وی و خانووی كریستیانه‌كانی به‌غدا كه‌ به‌هۆی دۆخی ئه‌منییه‌وه‌ جێیان هێشتووه‌.

به‌گوێره‌ی زانیاری ئه‌و نوێنه‌ره‌، دوای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی كریستیانه‌كان كۆچیان كردووه‌ و به‌غدایان جێهێشتووه‌، له‌ رێگای ساخته‌كردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی موڵكه‌كان و به‌هۆی پێدانی به‌رتیل و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن، چه‌كدارانی سه‌ربه‌ حه‌شدی شه‌عبی موڵكی كریستیانه‌كانییان داگیركردووه‌.

یونادم كه‌ننا گوتی: "زۆربه‌ی ئه‌و ماڵ و موڵكانه‌ی داگیركراون ده‌كه‌ونه‌ ‌ناوچه‌ گرانبه‌هاكانی شاری به‌غدا وه‌كو ناوچه‌كانی كه‌راده‌ و ئه‌لمه‌نسوور".

له‌ دوای رووخانی رژێمی سه‌دام حوسێن له‌ عێراق ساڵی 2003، به‌هۆی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان به‌ تاوانه‌كانی كوشتن و رفاندن و هه‌ڕه‌شه‌كردن، سه‌دان هه‌زار كریستیان، روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و به‌شێكشیان چوونه‌ته‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا.

له‌ دوای هاتنی چه‌كدارانی داعش و داگیركردنی شاری مووسڵ له‌ ساڵی 2014، ژماره‌یه‌كی زۆری كریستیانه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و وه‌ك په‌نابه‌ر له‌ هه‌ولێری پایته‌خت گیرساونه‌ته‌وه‌.