داد و گەشەپێدان: نوێنەرایەتی كورد دەكەین لە باكوور

سێ پەرلەمانتاری ئەكەپە خۆیان وەك نوێنەری ھەكاریی دەناسێنن

K24- ھەولێر:

شاندی پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە سەردانێكیاندا بۆ شاری ھەكاریی لە باكووری كوردستان بە دانیشتووانی شارەکەیان راگەیاند "ئێمە نوێنەری ئێوەین لە پەرلەمانی توركیا".

شاندێکی پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدان گەیشتە شاری ھەكاریی و دوای گەشتێكیان لە نێو شاردا، نیوەڕۆ خوانێكیان بە بەشداری نزیكەی دووسەد كەس رێكخست و لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بەشداربوان رایانگەیاند کە ئەوام "نوێنەری هەکارین".

لە كاتی ھەڵبژارنەكانی توركیا كە ساڵی پار بەڕێوەچوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان و سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند: ئەوان جیاوازیی لە نێوان پێكھاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان ناكەن.

ئەم ھەنگاوەی پەرلەمانتارانی (ئاكەپە) لە باكووری كوردستان، ئەگەر لە لایەك بە جێھێنانی قسەی ئەردۆغان بێت، ئەوا لە لایەكی دیكەوە تەحەداكردنی پارتی دیموكراتی گەلانە (ھەدەپە) گەورەترین پارتی كوردیی لە باكووری كوردستان.

سێ پەرلەمانتارەکەی (ئاك پارتی) كە سەردانی ھەكاریان كرد نوێنەری شارەكانی دیكەی توركیان، بەڵام لەوێ خۆیان بە نوێنەری خەڵكی شاری ھەكاریی ناساندووە.

خالس دال قلیچ، پەرلەمانتاری (ئاكەپە) و نوێنەری شاری ئیستەنبوڵ نەك خۆی بە نوێنەری ھەكاریی ناساند، بەڵكوو گوتی من نوێنەری گشت توركیام و گوتی: "ئێمە كە ھاتوینەتە ئێرە سڵاوی سەرۆكی گشتیی و گشت ئەندامانی پارتیمان بۆ ئێوەھێناوە، من و بەلما ساتر و جەمیل یەمان، لەسەر رێنمایی سەرۆكی گشتیی خۆمان پێشنیازمان كردووە تا نوێنەرایەتی ئێوە بكەین لە پەرلەماندا، بۆ ئێمە ھیچ جیاوازییەكی نییە لەھەر گۆشەیەكی توركیا و ھەر بستێك خاك و ھەر مرۆڤێك وەك یەك دەبینین و خزمەتی دەكەین".

ھەرچەندە لە ھەڵبژاردنەكاندا پارتی داد و گەشەپێدان لە 12% دەنگی ھەكاریی بەدەستھێنا، پارتی دیموكراتی گەلانیش 83% دەنگی لە ھەكاریی بەدەستھێنا، كەچی لە كۆبوونەوەیەكدا سەرۆك وەزیرانی تورکیا ئەحمەد داوودئۆغلو، گوتی" ئێمە شارە كوردییەكان بێ نوێنەر ناھێڵینەوە و پێویستە ھەر پەرلەمانتارێكی (ئاكەپە) پەرلەمانتارێتی شارێكی دیكەی باشووری توركیاش بگرێتە ئەستۆی خۆی".

ئەم ھەنگاوەی داد و گەشەپێدان وەك پارتی دەستەڵاتدار لە توركیا، لە كاتێكدایە توركیا و باكووری كوردستان بە قۆناغێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێن و جگە لە شەڕی سەرسنوورەكان لە نێوان گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئۆپەراسیۆنی ھێزە ئەمنییەكان لە ناو شارە كوردستانییەکان بەردەوامە، دژی ئەو گەنجانەی كە نزیكن لە (پەكەكە) و دژ بە ھێزەكانی حكوومەت وەستاونەتەوە.