بۆ یانەکان دەرفەت بە راهێنەری رەشپێست نادەن؟

پرسیارێکی بێ وەڵام!

K24- لەندەن

سۆل کامبل، یاریزانی پیشووی یانەی ئارسێناڵی ئینگلیزی رەخنە لە یانەکانی پرێمەرلیگ دەگرێت و لێیان دەپرسێت 'بۆ تاکو ئێستا هیچ راهێنەرێکی رەشپێست نەبوونەتە بەڕێوەبەری هونەری هیچ یانەیەک؟'.

کامبل سێ ساڵ و نیوە خەریکی خوێندنی کۆرسی راهێنەرایەتیکردنە و لەوەتەی وازی لە یاریکردن هێناوە، ئەو یاریزانەی پێشووی ئارسێناڵ لە هەوڵداندایە بۆ ئەوەی خۆی بۆ کاری بەڕێوەبەری هونەری ئامادە بکات.

بەرگریکارەکەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگڵتەڕا بابەتێکی هەستیار دەوروژێنێت و لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی بی بی سی بەریتانی دەڵێت 'من نازانم بۆ تاکو ئێستا هیچ یانەیەکی ئینگلیزی یان هەڵبژاردەی ئینگڵتەڕا راهێنەرێکی رەشپێستی بۆ بەڕێوەبردنی تیپەکەی دەستنیشان نەکردووە، نازانم بۆ کەمتر ئارام لەسەر راهێنەرە ئەسەمەرەکان دەگیرێت'.

هەروەها کامبل لەبارەی ئەو دیاردەوە دەڵێت 'پێویستە ئەو دیاردەیە تێبپەڕێنرێت و پێش ئەوەی سەیری رەنگی کەسەکان بکرێت، توانای ئەو کەسە بۆ راهێنەرایەتیکردن هەڵبسەنگێنرێت'.

لە لایەکی دیکەوە بەرگریکارە ئەسمەرتە بەناوبانگەکەی پئیشووی گەنەرز لەبارەی داهاتووی خۆیەوە دەڵێت 'من نامەوێت پەلە بکەم و لە سەرەتاوە خۆم بسووتێنم و کۆتایی بە خۆم بهێنم، جارێک دەمەوێت زیاتر بخوێنم و زیاتر خۆم بۆ کاری راهینەرایەتی ئامادە بکەم'.