ڤۆزینها: ناوبانگ ژیانی تێکداوم
جامی جیهانی 2026 بۆ ڤۆزینها بووە سەکۆیەکی گەورە و ئەو گۆڵپارێزەی هەڵبژاردەی کەپ ڤێردی، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی ناوبانگێکی گەورەی لە جیهان دروستکرد، بەڵام لە نوێترین دەرکەوتنیدا باس لەوە دەکات ناوبانگ ژیانی تێکداوە و بیری ژیانی پێش مۆندیال دەکاتەوە.
گۆڵپارێزەکەی هەڵبژاردەی کەپ ڤێردی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی مۆندۆدێپۆرتیڤۆی ئیسپانی باس لە ژیانی دوای مۆندیال دەکات و دەڵێت '' ژیانی دوای مۆندیال و ناوبانگ بێزاری کردووم، ئارامی خۆم لەدەست داوە، یان لانی کەم زۆر کەمتر لە پێشتر هەمە. ئێستا کە دەڕۆمە دەرەوە یاخود کە دەڕۆمە ڕێستۆرانتێک، هەمیشە خەڵکانێک داوای وێنە و واژۆم لێدەکەن تەنانەت، کەسانێک هەن ڤیدیۆم دەگرن ''.
گۆڵپارێزەکەی هەڵبژاردەی کەپ ڤێردی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باس لەوە دەکات کاتێک ژمارەی شوێن کەوتووەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام گەیشتە یەک ملیۆن شوێنکەوتوو دەڵێت '' قسەم بۆ رۆژنامەوانان دەکرد لەو کاتە پەیامنێری کەناڵی Caze Tv پێیگووتم دەزانی چی روویداوە، لەو کاتە مۆبایلەکەی دەرهێنا و گووتی ئەوەتا ژمارەی شوێنکەوتووەکانت لە ئینستاگرام گەیشتووە یەک ملیۆن کەس، دڵخۆش بووم بەم هەواڵە بەڵام دواتر بڕیارمدا زۆر خۆم سەرقاڵی ئەم بابەتە نەکەم ''.