ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سنە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان زیاتر لە "نیو ملیار دۆلارە"

"بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو 3% زیادی كردووە"

K24 – ھەولێر:

پارێزگای سنە لە10 مانگی رابردوودا زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار بازرگانیان لەگەڵ ھەرێم كردووە، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو 3% زیادی كردووە.

بە گوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی ئیرنا، بەختیار رەحمانیپوور، بەڕێوبەری گومرگی پارێزگای سنە راگەیاند: "لە10 مانگی رابردوودا بە بڕی 600 ملیۆن دۆلار بازرگانیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان  كردووە و ئەو كاڵا و كەلوپەلانەش كە ھەناردەی ھەرێم كراون 570ھەزار تۆن بووە".

رەحمانیپوور ئاشكراشیكرد: "بەروبوومی كشتوكاڵی و كەرەستەی پیشەسازی و پێویستییەكانی پێترۆكیمیایی زۆرترین ھەناردەی پارێزگای سنە بۆ ھەرێمی كوردستان بووە".

بەڕێوبەری گومرگی پارێزگای سنە ئەوەشی خستەڕوو: "زیاتر لە 25%ی كاڵای ئێران لە رۆژئاوای ئەو وڵاتەوە و دەروازەی سنووریی باشماخەوە ھەناردە دەكرێت".

رەحمانیپوور گوتیشی: "زیاتر لە 230 كیلۆمەتر سنووری ھاوبەشمان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ھەیە، ئەمەش سەرەڕای تێكەڵاوی كولتووریی، سیاسیی و كۆمەڵایەتیی كە بووەتە ھۆی پەرەسەندنی زیاتری پەیوەندییەكانمان".

دەروازی سنووری باشماخ دەكەوێتە 15 كیلۆمەتری شاری مەریوان لە پارێزگای سنە و ساڵی 2007  بە فەرمی بووە سنووری نێودەوڵەتیی.

و: لەیلا قادری