دەمیرتاش: بێ بڕیاری ھاوپەیمانێتی ھێرشكردنە سەر سووریا سەركەوتوو نابێت
"دەبێ توركیا ھاوپەیمانێتی لەگەڵ كورد ببەستێ"
K24- ئامەد:
سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) رایگەیاند، ھێرشی توركیا و قەتەر و سعودییە بۆ سەر سووریا بە بێ بڕیاری ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی و كورد سەركەوتوو نابێت و دەبێتە داگیركاریی.
دەمیرتاش لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان رایگەیاند: "ھێرشی توركیا و قەتەر و سعودییە، بۆ سەر سووریا بە بێ بڕیاری ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دەبێتە داگیركاریی".
سەڵاحەدین دەمیرتاش گوتیشی: "دەبێ توركیا دەست لە دووژمنایەتیی كوردان ھەڵگرێت و ھاوپەیمانێتی لەگەڵ كورد ببەستێ، ئەگەر نا بەبێ ئەوە توركیا ناتوانێ سەركەوتوو بێت و ھیچ بە دەست ناھێنێت".
ئەم گوتانەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە میانی بەشداریكردنی لە پرسەی گەنجێكی كورددا ھات كە بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان لایەنگرانی پاری کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە باکووری کوردستان ماوەیەك لەمەوبەر بریندار بوو و دوو رۆژ بەر لە ئێستا گیانی لە دەستدا.
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوکات رەخنەی لە سیاسەتی حكوومەتی توركیا گرت و رایگەیاند: "حكوومەت بووەتە مایەی گرژیی لەگەڵ دەرەوەی وڵات، لە ھەمانكاتدا بووەتە مایەی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ناوخۆ، لە ھەموو شارەكان پرسەیە و تەرم دەسوتێندرێن".
ئەم لێدوانەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە كاتێكدایە بەرپرسانی باڵای توركیا رایانگەیاند، پێویستە ھێرشی زەمینیی بكرێتە سەر سووریا، هاوکات وەزیری دەرەوەی توركیا ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان لەگەڵ سعودییە ھاوڕان لە ھێرشكردنە سەر سووریا.
و: ھەڤاڵ مەلا