بەرپرسانى ئێران له‌ رۆژھەڵاتی كوردستان ھەڕەشە دەكەن

پارێزگاری سنە: لە ناوچە سنوورییەكان ھەر كەس بڕیارەكان پێشێل بكات، بەتووندی سزا دەدرێت

K24 – ھەولێر:

لەیەكەم رۆژی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆمارى ئیسلامیی ئێران، بەرپرسانى ئێران له‌ رۆژھەڵاتی كوردستان  ھەڕەشه‌يان له‌ خەڵك كرد.

فەزڵوڵڵا رەنجبەر قائيمقامی كرماشان لە یەكەم لێدوانی دوای دەستپێكردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە ئێران رایگەیاند: "رێگە بەھیچ كۆبوونەوە و گردبوونەوەیەك نادەن، ئەگەر پێشتر مۆڵەتی بۆ وەرنەگیرابێت".

رەنجبەر لە كۆبوونەوەی تێگەیاندنی جۆری بانگەشەی كاندیدەكانی كرماشان گوتی: "گردبوونەوەی بانگەشەی ھەڵبژاردن پێویستە بە مۆڵەت بێت و سزای نووسینی درووشم لەسەر دیوارەكانیش دەستبەسەر كردنە".

ھاوكات پارێزگاری سنە، عەبدول موحەممەد زاھیدی گوتی: "ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەھەموو بانگەشەیەك گرنگترە و كەس بۆی نییە بانگەشەی مەزھەبی و نەتەوەیی بكات."

ئاژانسی ھەواڵی میھر لەسەر زاری زاھیدی بڵاویكردووەتەوە: "نابێت یەكڕیزی نیشتمانیی ئێرانییەكان فیدای بانگەشەی تاكەكەسی و قەومی بكرێت".

زاھیدی گوتیشی:"بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەكان ھەر كەس بڕیارەكان پێشێل بكات، بەتووندی سزا دەدرێت".

لەرۆژی دووەمی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ھیچ رێكخراوە و لایەنێكی دیاریكراوی رۆژھەڵاتی كوردستان بانگەشەی راستەوخۆ بۆ ھەڵبژاردن ناكات.

سەرەڕای بایكۆتكردنی ھەڵبژاردنی ئێران لە لایەن بەشێكی زۆر لەو حزبە رۆژھەڵاتییانه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە نایاساییان دەزانێت، بەشێك لە رێكخراو و لایەنەكانی وەكو بەرەی یەكگرتووی كورد و ئەنجوومەنی ھه‌ماھەنگی ریفۆرمخوازەكانی كورديش لە ناوخۆی رۆژھەڵاتی كوردستان ھەڵبژاردنی ئێرانیان بایكۆت كردووە.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسى ميهر

داڕشتنەوە: لەیلا قادریی