تۆتی و سپالێتی ئاشتبوونەوە
ئەمڕۆ تۆتی دەست بە راهێنان دەکاتەوە
K24-رۆما
لۆچیانۆ سپالێتی، راهێنەری یانەی رۆمای ئیتاڵی دوای بردنەوەی دوێنێ شەوی یانەکەی، ئاشتبوونەوەی لەگەڵ فرانسیسکۆ تۆتی راگەیاند.
چەند رۆژێکە تۆتی و سپالێتی پەیوەندییان باش نییە و شەوی رابردوو فرانسیسکۆ ناوی لە پێکهاتەی یاریی یانەکەی لە بەرامبەر پالێرمۆ نەبوو، کە جیالۆرۆسی بە پێنج گۆڵی خاوێن سەرکەوتنی بەدەستهێنا و تۆتی لە پەیژەکانی یاریگەوە سەیری یارییەکەی دەکرد.
سپالێتی لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی یانەکەی دەڵێت 'کێشەی نێوان من و تۆتی چارەسەرکرا و ئێستا ئەوە بووە بەشێک لە رابردوو، ئەو دوێنێ لە ژووری جلگۆڕینیش ئامادە بوو و ئەمڕۆ دەست بە راهێنان دەکاتەوە' هەروەها دەڵێت 'تۆتی لە کاتی تووڕەبوون لێدوانی دا و پێویستە یاساکان بەسەر هەمووان جێبەجێ بکرێن'.
راهێنەرەکەی رۆما دەشڵێت 'تۆتی باشترین یاریزانە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، بەڵام پێویستە گشت یاریزانەکان هەمان یاسایان لەسەر جێبەجێ بکرێت'.