شەڕی سەرۆکەکانی ئەمریکا و چارەکە سەدەیەک لە ململانێ سەربازیی و لێکەوتەکانی
کتێبێکی نوێ بە ناونیشانی ( هەموو شەڕی سەرۆکەکان، 25 ساڵ لە جەنگی ئەمریکا دژی تیرۆر )، شیکارییەکی ورد بۆ هەڵە و دەستکەوتەکانی سەرۆکەکانی ئەمریکا لە جەنگەکانی ئەم دواییەیاندا دەکات، بەتایبەتی لە عێراق کە داگیرکردنی وەک سیاسەتێکی هەڵە وەسفکراوە نەک سیاسەتێکی دروست کە بە خراپی جێبەجێ کرابێت. کتێبەکە رایگەیاند، واشنتن لە دۆزینەوە و کوشتنی دوژمنەکانیدا لێهاتوویی تەواوی پیشانداوە، بەڵام چەندین جار لە دیاریکردنی ئەو ئەنجامە سیاسییەی کە دەبوو هێزی سەربازی بەرهەمی بهێنێت، تووشی شکست بووە.
ئەم کتێبە لەلایەن رۆژنامەنووسی دیاری ئەمریکی و شارەزای کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی، "پیتەر بێرگن" نووسراوە، ئەو کەسەی یەکەم چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ ئوسامە لادن، رێبەری پێشووی قاعیدە ئەنجامداوە. ماڵپەڕی "پۆلیسی" کەنەدیی نووسەر وەک کەسێکی "توند بەڵام دادپەروەر" ناودەبات، بەوپێیەی ئەو ناڵێت هەموو شتێک شکستی هێناوە، بەڵکو هاوسەنگیی راگرتووە لەنێوان دەستکەوتی تاکتیکی و سەرکەوتنی ستراتیژیدا و هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی بۆ تۆماری سەرۆکەکان کردووە.
کتێبەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی، ئەمریکا لە دوای ساڵی 2001ـەوە، توانی رێگری لە هێرشێکی گەورەی دەرەکیی هاوشێوەی 11ـی سێپتەمبەر بۆ سەر خاکی خۆی بکات، لانکەی سەرەکیی قاعیدەی هەڵوەشاندەوە، ئوسامە لادنی کوشت و دەسەڵاتی خەلافەتی داعشی تێکشکاند. بەڵام لە هەمان کاتدا، واشنتن پەلاماری وڵاتێکی هەڵەی دا کە عێراق بوو، پەنای بۆ ئەشکەنجەدان برد، تریلیۆنان دۆلاری خەرج کرد، دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ فراوانتر کرد و لە کۆتاییشدا بزووتنەوەی تاڵیبانی لە ئەفغانستان لە دەسەڵاتدا بەجێهێشت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بێرگن هۆشداری دەدات دەبێت حکوومەتەکان "پلان بۆ دواتر دابنێن"، ئەگینا ئەوان جەنگەکە دەبەنەوە بەڵام ئاشتی دەدۆڕێنن.
بەگوێرەی کتێبەکە، جۆرج بوشی کوڕ "گەورەترین هەڵەی کرد"؛ چونکە لە دوای 11ـی سێپتەمبەر لە ئەفغانستان دوژمنێکی روون هەبوو و پشتیوانیی تەواوی هاوپەیمانانی ناتۆی بەدەستهێنا، بەڵام واشنتن رێگەی بە بن لادن دا لە ناوچەی "تۆرا بۆرا" هەڵبێت و سەرچاوەکانی خۆی بەرەو جەنگی عێراق ئاراستە کرد. نووسەر روونیدەکاتەوە، سەدام حوسێن هیچ هاوپەیمانییەکی ئۆپەراسیۆنی لەگەڵ قاعیدەدا نەبوو، رووخاندنی رژێمەکەشی دیکتاتۆرێکی لەناوبرد بەڵام دەوڵەتی عێراقی هەڵوەشاندەوە، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی سوپا و ریشەکێشکردنی حزبی بەعس بووە هۆی پەیدابوونی چەکداری راهێنراو بۆ رێکخراوی قاعیدە لە عێراق و دواتریش بۆ داعش.
هەروەها پیتەر بێرگن باسی ئەوە دەکات، ستراتیژی زیادکردنی هێزەکان و دروستکردنی هێزەکانی "سەحوە" هەرچەندە توندوتیژیی کەمکردەوە، بەڵام لە راستیدا چارەسەری نەخۆشییەک بوو کە داگیرکارییەکە خۆی هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی بوو.
کتێبەکە لە درێژەدا تیشک دەخاتە سەر سەردەمی سەرۆکەکانی دیکەش، لەوانە باراک ئۆباما کە لە رووی سەربازییەوە رێکخراوتر بوو بەڵام لە رووی ستراتیژییەوە ناڕوون بوو. سەبارەت بە خولی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ، نووسەر دەڵێت، هەڵمەتی دژی داعشی خێراتر کرد و ئەبوبەکر بەغدادیی کوشت، بەڵام رێککەوتننامەی دەوحەی 2020 کە حکوومەتی ئەفغانستانی پەراوێز خست، هیچ پاڵنەرێکی لەبەردەم تاڵیبان نەهێشت بۆ ئەوەی بە چارەسەری سیاسی رازی بێت.
لە کۆتاییدا، کتێبەکە باس لە کشانەوە پڕ لە ئاژاوەکەی جۆ بایدن لە ئەفغانستان و گرژی و جەنگەکانی بەرامبەر ئێران دەکات کە بەهۆی نەبوونی پلانی دەرچوون و بوونی هۆکاری جێی گومان ئاڵۆز بوون، بەو پێیەی بێرگن دووپاتیکردەوە: "تێکدان و رووخاندن تەنیا چالاکییە، نەک ستراتیژ".