لە هەولێر بارهەڵگرێک بەهۆی سەرپێچیی ژینگەییەوە سزایەکی مەیدانی بەسەردا سەپێندرا

لە شاری هەولێر، بەهۆی فڕێدانی پاشماوەی بیناسازی لە شوێنی قەدەخەکراو، شۆفێری بارهەڵگرێک لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە رووبەڕووی سزایەکی مەیدانی کرایەوە و ناچار کرا گۆڕەپانێکی گەورە خاوێن بکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی بەدواداچوون و چاودێریکردنی بەردەوامی شوێنە گشتییەکان و رێگریکردن لە زێدەڕۆیی و پیسکردنی ژینگەی شاری هەولێر، تیمەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەک و پۆلیسی شارەوانی توانییان سەرپێچیی بارهەڵگرێک تۆمار بکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکە، بارهەڵگرەکە بە شێوەیەکی سەرپێچیکارانە و دوور لە رێنماییەکانی شارەوانی، پاشماوە و خۆڵ و خاشاکی بیناسازیی لەسەر شەقامێکی گشتی و لە شوێنێکی قەدەخەکراودا فڕێدابوو، لەگەڵ دەستنیشانکردنی شوێنی بارهەڵگرەکەش، دەستبەجێ کەسی سەرپێچیکار لەلایەن تیمەکانەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە کرایەوە.

سەبارەت بە جۆری سزاکە، ئەوە خراوەتە روو کە سەرپێچیکارەکە لە بەرامبەر ئەو کارەی سزایەکی مەیدانیی بەسەردا سەپێندراوە، ئەویش بە خاوێنکردنەوەی گۆڕەپانێکی گەورە لە گەڕەکی منارە لە تەنیشت دیوانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، کە لە رێگەی گواستنەوە و فڕێدانی نزیکەی (350) کاروان قەلابە لە زبڵ و پاشماوە بووە.