سەرۆكی شارەوانیی شاری كرماشان لە پۆستەکەی لادرا

"بەھۆی ناكارامەیی لە بەڕێوەبەردنی سیستمی شارەوانیدا لە كارەكەی لادرا"

K24 – ھەوڵێر:

ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی شاری كرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ سەرۆكی شارەوانیی ئەو شارەیان لە پۆستەكەی لادا و ھۆكارەكەشیان بۆ ناكارامەیی ئەو گەڕاندەوە.

گوتەبێژی شورای شاری كرماشان، سالار ئەحمەدزادە گوتی: "سەرۆكی شارەوانیی شاری كرماشان، محەممەدڕەزا شەعبانی بە ھۆی ناكارامەیی لە بەڕێوەبەردنی سیستمی شارەوانیدا لە كارەكەی لادرا".

بە گوێرەی ھەواڵێكی ئاژانسی میھری ئێران، یەكشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی شورای شاری كرماشان لە كۆبوونەوەیەكی نایاساییدا، بە بەشداریی 15 ئەندامی فەرمیی ئەو شورایە و بە كۆی دەنگ بڕیاریاندا محەممەدڕەزا شەعبانی، سەرۆكی شارەوانی كرماشان لە كارەكەی لابدەن".

لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە مەبەستی لادانی سەرۆكی شارەوانیی كرماشان رێكخرابوو، ئەندامانی شورای شاری كرماشان داوایان لە محەممەدڕەزا شەعبانی كرد وەڵامی پرسیارەكانی ئامادەبووان بداتەوە، بەڵام شەعبانی ئەو داوایەی رەتكردەوە.

چەند ئەندامێکی شورای شاری كرماشان ناكارامەیی شەعبانیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە، لەبەر ئەوەی پێشتر شەعبانی لە سوپادا كاری كردووە و كەسێكی سەربازییە، ھیچ ئەزموونێكی لە بەڕێوەبردنی شارەوانیدا نییە".

ئەندامانی ناڕازیی پێیانوایە، 8 مانگ ئەزموون بۆ بەرێوەبردنی شارێكی گەورەی وەكوو كرماشان ماوەیەكی كەم نییە و شەعبانی وەك پێویست نەیتوانیوە ئەركەكانی راپەڕێنێت".

ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئەمیر رەحیمیی وەكوو سەرۆكی شارەوانیی كرماشان ھەڵبژێردرا.

وەرگێڕان: لەیلا قادریی