ئێران دەرهێنەرێکی بەناوبانگی کورد بە زیندانیی و لێدان سزا دەدات
ماڵپەڕی كەمپەینی مافی مرۆڤ: دادگا ئەو دەرهێنەرەی بە بێرێزیکردن بە پیرۆزییەکان تۆمەتبار کردووە
K24 – ھەولێر:
دادگای پێداچوونەوە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای 5 ساڵ زیندانیی ھەڵپەسێردرا و ساڵێك زیندانی و لێدانی 223 قەمچی و پێبژاردنی بڕی 200 ھەزار تمەنی بۆ دەرھێنەری كورد، كەیوان كەریمیی بڕییەوە.
كەیوان كەریمیی، دەرھێنەرێکی كوردی خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستانە كە لە مانگی 9ی ساڵی 2015 بە تۆمەتی بێرێزیكردن بە پیرۆزییەكان لە لایەن دادگای شورشی ئیسلامییەوە سزای 6 ساڵ زیندانكردن و لێدانی 223 قامچی بۆ دەركرا.
ماڵپەڕی كەمپەینی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاند: "دادگای پێداچوونەوە حوكمی كۆتایی بۆ كەیوان كەریمیی بڕییەوە و سزاكەی بووەتە 5 ساڵ زیندانیی ھەڵپەسێردرا و ساڵێك زیندانی و لێدانی 223 قەمچی و پێبژاردنی بڕی 200 ھەزار تمەن".
ئەو ماڵپەڕە نووسیوێتی: "ئێستا كەیوان كەریمی لە بەندیخانەیە و بە گوێرەی حوكمی دادگای پێداچوونەوە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران پێویستە یەك ساڵ لە زیندان بەسەربەرێت".
ماڵپەڕی كەمپەینی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لە ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو: "ئەو بڕیاری دادگای پێداچوونەوە حوكمی كۆتاییە و ھیچ گۆڕانێكی بەسەردا نایات و سەر لە نوێ پێداچوونەوەی بۆ ناكرێت".
دادگای پێداچوونەوە بە ئامادەبوونی نوێنەری ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و نوێنەری دادوەری شاری تاران ئەو حوكمەی دەركردووە.
بە گوتەی سەرچاوەیەكی نزیك لەو دەرھێنەرە لە دادگای پێداچوونەوە كەریمیی رایگەیاند: "ئەو فیلم و كلیپەی لەسەر دۆسیەكەمە ھەرگیز بڵاونەكراونەتەوە، كەواتە ھیچ بەڵگەیەك بۆ بێرێزیكردنی من بە پیرۆزییەكان نییە، چونكە ئەو وێنانە كەس نەیبینیون".
ئەمیر رەئیسیان، پارێزەری كەیوان كەریمیی بە كەمپەینی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤی گوت: "كەریمیی سەرجەم فیلمەكانی لە چوارچێوەی یاسادا بەرھەمھێناوە، بەڵام لە دۆسیەكەیدا ئاماژە بە فیلمی (نووسین لەسەر شار) كراوە كە گوایە تێیدا بێرێزی بە پیرۆزییەكان كراوە".
پارێزەری كەریمیی گوتی: "فیلمی (نووسین لەسەر شار) ھەر باسی پیرۆزییەكانی تێدانییە كە بێرێزییان پێبكرێت، ئەو فیلمە تەنیا باسی دیاردەی نووسین لەسەر دیوار دەکات لە شاری تاران".
كەیوان كەریمیی دەھێنەری كوردی خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستانە و تەمەنی 30 ساڵە، دوو ساڵ لەمەوبەر فیلمی (نووسین لەسەر شار)ی بەرھەمھێناوە و بە ھۆی ئەو فیلمەوە ماوەیەكە لە بەندیخانە راگیرا، بەڵام دواتر بە کەفالەت ئازاد كرا.
ئەو فیلمە كە ھەرگیز بڵاونەكراوەتەوە، باسی مێژووی نووسینی سەر دیوار دەکات دوای سەرهەڵدانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
سەرچاوە: ماڵپەڕی كەمپەینی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ، وەرگێڕان: لەیلا قادریی