پسپۆڕێكی ئەمریکیی: كۆتایی داعش نزیك بووه‌ته‌وه
"كۆنتڕۆڵکردنی ناوچه‌كانی بندەستی له‌ده‌ستداوه"
K24ـ هه‌ولێر
شاره‌زایانی نێوده‌وڵه‌تیی بۆچوونیان وایه، سه‌ره‌تای ئاماژه‌كانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه و كۆتایی هاتنی گرووپی داعش ده‌ركه‌وتووه و له‌ناوچوونی نزیك بووه‌ته‌وه.
شكسته‌كانی به‌مدواییه‌ی چه‌كدارانی داعش له عێراق و سووریا بووەتە جێی سەرنجی چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تیی و پاشه‌كشێكانیان له جه‌نگدا و ئه‌و "قه‌یرانه داراییه‌ی" رووبه‌ڕووی ئه‌و گرووپه بووه‌ته‌وه، به سه‌ره‌تای له‌ناوچوونیان له قه‌ڵه‌مده‌درێت.
یه‌عقوب شابیرۆ، پڕۆفیسۆری زانسته سیاسییه‌كان و پسپۆڕ لە توێژینەوە لەبارەی داعشەوە له زانكۆی برینستۆنی ئه‌مریكا ده‌ڵێ: "ئێستا داعش كۆنتڕۆڵی ته‌واوی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ده‌ستداوه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و به‌رهه‌ڵستییه‌ی دانیشتوانی ناوچه‌كان له دژی ئه‌و گرووپه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن".
ده‌شڵێ: "ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌رده‌وام داعش چه‌كدارانی خۆی به ناپاكیی و هه‌ڵاتنیان له ریزه‌كانی ئه‌و گرووپه تۆمه‌تبار ده‌كات".
شابیرۆ ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: "چه‌كدارانی داعش له عێراق و سووریا زیانێكی زۆریان پێگەیشتووە و %60ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له ده‌ستداوه".
ئه‌و پسپۆڕه ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "بۆردومانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كان بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش سه‌رچاوه‌كانی داراییان له ده‌ستبده‌ن".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، شاره‌زای كاروباری گرووپه چه‌كداره‌كان له سووریا و عێراق، پڕۆفیسۆر فیرا میرۆنوفا گوتی: "پێشتر ئه‌وانه‌ی له ریزه‌كانی داعش هه‌ڵدەهاتن چه‌كدارانی ئه‌و گرووپه سه‌ریان ده‌بڕی، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی زیادبوونی ژماره‌ی هه‌ڵاتوان ئه‌و سزایه‌یان گۆڕیوه بۆ پێدانی ده‌رفه‌ت بۆ لێخۆشبوو‌ن".
شاره‌زای ئیسلامی سیاسیی له په‌یمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجیی و نێوده‌وڵه‌تیی، نیلی لۆد گوتی: "ئاماژه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش كه‌میكردووه و ئه‌مه‌ش به‌هۆی كوژرانیان نییه له جه‌نگ به‌ڵكوو به‌هۆی هه‌ڵاتنیانه له ریزه‌كانی ئه‌و گرووپه، بۆیه په‌نایان بردووه بۆ چه‌كداركردنی منداڵان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی چه‌كداره هه‌ڵاتووه‌كان".
ئه‌مه له كاتێكدایه سه‌ره‌ڕای شكسته‌كانیان، تاكوو ئێستا له سووریا چه‌كدارانی داعش شاری ره‌ققه و چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌یان له ژێر ده‌سته. له عێراقیش له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیی بۆردومانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان و گه‌یاندنی زیانێكی گه‌وره‌ی ماڵیی و گیانیی به‌و گرووپه، به‌ڵام تاكوو ئێستا حكوومه‌تی عێراق نه‌یتوانیوه شاری مووسڵ و ناوچه‌كانی دیكه له ده‌ستی چه‌كدارانی داعش ده‌ربهێنێت و رزگاریان بكات.
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی ریازی سعوودیی، وه‌رگێڕان: ن.ف