جەعفەر ئێمینکی: پێویستە پهرلهمان كارا بكرێتهوه و ئەم دۆخە کۆتایی بێت
"هەست بە ئیحراجییەكی زۆر دەكەین"
K24- هەولێر
جەعفەر ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند پێویستە پهرلهمان كارا بكرێتهوه و ئەم دۆخە کۆتایی بێت.
جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، لە راگەیەندراوێکدا بە ناونیشانی (بانگهوازێك له جێگری سهرۆكی پهرلهمانهوه) کە لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمان بڵاوی کردووەتەوە دەڵێ: "لە یەكی ئاداردا دەبوایە پەرلەمانی كوردستان بە شێوەیەكی یاسایی و ئاسایی و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی دانیشتنە ئاساییەكانی لە تەلاری پەرلەمانی كوردستان دەستپێبكاتەوە، بەڵام هەمان هۆكاری پێشتر كە بووە هۆی پەكخستنی پەرلەمان لە ئەركە هەرە گرینگهكهی خۆی، بەردەوامە".
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوا دهكات: "پهرلهمان كارا بكرێتهوه و كۆتایی بەم بارودۆخە نالەبارە بهێرێت".
جەعفەر ئێمینکی لە بانگەوازەکەیدا كه ئاراستهی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و گشت هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و رای گشتیی كردووه، ئاشكرای دهكات كه: "به هۆی بهردهوامیی دۆخی ههنووكهیی پهرلهمانی كوردستان، هەست بە ئیحراجێكی زۆر دەكەن"، تكایش دەكات كۆتایی بەم دۆخە "نالەبارە" بهێنرێت بۆ ئەوەی ئەم دەزگا تەشریعییە بتوانێت جارێكی دیکە ئەركەكانی بەجێ بگەیەنێت.
دهقی بانگهوازییهكهی جێگری سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان:
لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا، یەكی ئادار، دەبوایە پەرلەمانی كوردستان بە شێوەیەكی یاسایی و ئاسایی و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی، دانیشتنە ئاساییەكانی لە تەلاری پەرلەمانی كوردستان دەست پێبكاتەوە و، بەردەوامی بە پرۆسەی یاسادانان بدات و بەگەڕی بخات، بەڵام دیارە هەمان هۆكاری پێشتر كە بووە هۆی پەكخستنی پەرلەمان لە ئەركە هەرە گرینگی خۆی، بەردەوامە، بۆیە جارێكی تر داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین زیاتر لە جاران هەوڵی كاراكردنی پەرلەمان بدەن و كۆتایی بەم بارودۆخە نالەبارە بێنن.
ئێمە وەكو ئەندامێكی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەست بە ئیحراجێكی زۆر دەكەین، بۆیە تكا دەكەین كۆتایی بەم وەزعە نالەبارە بهێنرێت بۆ ئەوەی ئەم دەزگا تەشریعییە بتوانێت جارێكی تر ئەركەكانی جێبەجێ بكات، بەتایبەتیش لەم قۆناغە هەستیارەدا كە هەرێمی كوردستان تیایدا تێپەڕ دەبێت، كە یاسای گرینگ و بڕیاری چارەنووسسازمان لە پێشە.
داڕشتنەوە: ھ . م