مامۆستایه‌کی ئاینیی به‌ ته‌قینه‌وه‌ی مین گیانی له‌ ده‌ستدا

"مینه‌که‌ جۆری ڤالمارا بووه‌"

- K24 هه‌ولێر:

له‌ چیای روه‌‌ڵه‌ی سنووری شارۆچکه‌ی رواندز مین به‌ مامۆستایه‌کی ئاینیدا ته‌قییه‌وه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ستدا.

زێبار خالید، به‌رپرسی راگەیاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری مینی هەولێر به‌ (کوردستان24) راگه‌یاند: "مینێکی دژه‌ که‌سی له‌ چیای روه‌ڵه‌‌ی له‌ سنووری گوندی ده‌رگه‌ڵه‌ی سه‌ر به‌ شارۆچکه‌ی رواندز به‌ هاووڵاتیەك بە ناوی رێباز كه‌مال كه‌ریم، تەمەن 33 ساڵ تەقییەوە و به‌و هۆیه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ستدا".

گوتیشی: "ئه‌و هاووڵاتیه‌ مامۆستای ئاینیی بووه‌ له‌ گوندی زارگه‌لی سه‌ر به‌ قه‌زای رواندز و خێزاندار بووه‌، رۆژی پێنج شەممە 3/3/2016، به‌ مه‌به‌ستی هینانی گژ و گیای به‌هاره‌ چووه‌ته‌ چیای روه‌ڵه‌ له‌وێ  مینێکی جۆری (ڤالمارا)یی پێدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و گیانی له‌ ده‌ستداوه‌".

چیای روه‌ڵه‌ یه‌کێکه‌ له‌و ناوچانه‌ی له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عس مینڕێژکراوه‌، تا ئێستا چه‌ندین جار رووداوی به‌ر مین که‌وتن له‌و ناوچه‌یه‌ روویداوه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ک هاووڵاتی گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و ژماره‌یه‌کی دیکه‌ش برینداربوونه‌.

به‌ گوێره‌ی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی مین له‌ هه‌ولێر ئەمساڵ 6 كەس لە سنووری پارێزگای هەولێر بەرمین كەوتوون و به‌وهۆیه‌وه‌ 2 كەسیان گیانیان لە دەستداوە و 4 دیكەشیان برینداربوونه‌.

 ئا: هه‌ڤاڵ مه‌لا