شاندی زلھێزانی ئابووریی لەگەڵ بارزانی کۆدەبنەوە
بۆ تاوتوێكردنی قەیرانی ئابووریی ھەرێمی كوردستان هاتوون
K24 - ھەولێر:
نوێنەری حەوت وڵاتانی زلھێزی ئابووریی جیھان و شاندێكی یەكێتیی ئەوروپا و بەڕێوەبەری بانكی جیھانیی لە عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، گەیشتنە ھەولێر بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێكردنی قەیرانی ئابووریی كوردستان.
بڕیارە شاندەكە لەگەڵ مسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆببنەوە، بەمەبەستی تاوتوێكردنی قەیرانی ئابووریی و كۆمەڵایەتی لە ھەرێمی كوردستان و هێنانی پشتگیری نێودەوڵەتیی بۆ بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان.
تیمی نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی) رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكاندا قەیرانی دارایی و پرسی چاكسازیی و هاوكاریی و پشتگیریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ هەرێمی كوردستان باس دەكرێن".
شاندەی حەوت وڵاتە زلھێزە ئابوورییەكەی جیھان پێكھاتوون لە نوێنەرانی ئەمریكا، بەریتانیا، كەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن.
لە سەرتای 2014 حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق رێككەوتن لە سەر ئەوەی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی (سۆمۆ) رۆژانە 550 ھەزار بەرمیل ھەناردەی دەرەوە بكات، لە بەرامبەردا بەغدا 17% بوودجەی فیدڕاڵی ھەرێمی كوردستان بدات، بەڵام ھەریەك لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی یەكتر تۆمەتباردەكەن بەوەی پابەندی رێككەوتن نامەكە نەبوونە، حكوومەتی عێراق لەو ساڵەوە بوودجەی ھەرێمی كوردستانی بڕیوە.
ئامادەكردنی: ش، م