ھەوڵدەدەرێت سەرجەم توێژینەوەكانی زانكۆكانی كوردستان بە ئەلیكترۆنی بكرێت
بە ئەلیكترۆنكردنی توێژینەوەكان، كاریگەری زۆری دەبێت لە سەر ئاستی زانستی توێژینەوەكان
K24 - ھەولێر:
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ھەوڵدەدەین سەرجەم توێژینەوەكانی زانكۆكانی كوردستان بە ئەلیكترۆنی بكرێن.
یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێداوانێكیدا تایبەت بە (كوردستان 24) راشیگەیاند: "ئێمە وەكو وەزارەت كاردەكەین، كە چۆن توێژینەوەكانمان لە سایت و گۆڤارە جیھانییەكان بڵاوبكەینەوە، ئەوە ئەركێكی گەورەیە كە دەبێت زانكۆكانی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا ھەوڵی بۆ بدات، چونكە ھەستمان بەوەكردووە بە ئەلیكترۆنكردنی توێژینەوەكان، كاریگەری زۆری دەبێت لە سەر ئاستی زانستی توێژینەوەكان".
لەمە و دوا وەزارەتی خوێندنی باڵا ھەوڵ دەدات سەرجەم توێژینەوە زانستیەکان بە ئەلیکترۆنی بکرێن، بۆ ئەوەی ئەو توێژینەوانەی لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێن، لە ھەموو دونیا ببیندرێن، ئەمەش ھۆکارێکە بۆ ئەوەی زانکۆکانی ھەرێم لە ریزبەندی جیھانی چەند پلەیەک بچنە پێشەوە، چونكە تا ئێستا توێژینەوەكانی زانكۆكانی كوردستان بە ئەلیكترۆنی نەكراون.
داڕشتنەوە: ش، م