گۆڕینەوەی زیندانییەكان لە نێوان سعودییە و حوسییەكان دستیپێكرد

"پرۆسەی ئاشتەوایی تەنھا لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سەركەوتوو دەبێت"

K24 - ھەولێر:

ھاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعودییە لە شەڕی یەمەن رایگەیاند كە لە چوارشەممەوە دەستیان كردووە بە گۆڕینەوەی زیندانییەكانی جەنگ لەگەڵ حوسییەكان.

 ھەرچەندە گفتوگۆكان بە دەسپێكێكی باش دەزانن، بەڵام وەزیری دەرەوەی ھەر یەك لە وڵاتی سعودییە و یەمەن دەڵێن: پرۆسەی ئاشتەوایی تەنھا لەژێر سەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتووەكان سەركەوتوو دەبێت.

ناوەندی راگەیاندنی سعودییە رایگەیاندووە، كە دوێنێ ئەفسەرێكی پلەیەكی سعودییەیان بە 7 چەكداری حوسییان گۆڕیووەتەوە.

ھەروەھا، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعودییە جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە، كە باشترین چارەسەر گەرانەوەی دەسەڵاتە بۆ سەرۆكی یەمەن عەبد رەبە مەنسور ھادی.

ساڵی 2011 هاوكات لەگەڵ وڵاتانی تونس و میسر و لیبیا و سوریا شۆڕش لە یەمەن دەستی پێكرد و بۆ دوورخستنەوەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح سەرۆكی ئەو كاتی یەمەن  لە دەسەڵات و عەبد رەبە هادی جێگری ئەو كاتی سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی گرتە دەست.

دوای ساڵێك لە ھاتنە دەسەڵاتی عەبد رەبە شەڕی نێوخۆ لە نێوان حوسییەكان و حكوومەتی یەمەن دروستبوو تا ئێستا بەردەوامی ھەیە، حكوومەتی یەمەن و وڵاتانی عەرەبی ئێران تۆمەتبار دەكەن بە ھەڵگیرسانی جەنگی یەمەن.

داڕشتنەوە: ش،م