دەیڤد شینگەر: ھەرێمی کوردستان ھەموو مەرجەکانی دەوڵەتی تێدایە
"بۆ تورکیا زۆر گرنگە دەوڵەتێکی ئاشتی خواز و مۆدێرنی وەک کوردستان درواسێی بێت"
K24 - ھەولێر:
دەیڤد شینگەر، بەرپرسی پرۆگرامی سیاسەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای واشنتۆن، رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان ھەموو مەرجەکانی دەوڵەتی تێدایە و خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە لە ریفراندۆمێکدا بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
دەیڤد شینگەر، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كوردستان 24) رایگەیاند: "باشووری کوردستان وەک وڵاتێكی سەربەخۆیە ،ھێزی سەربازی ھەیە لە بەغداوە بووجەی بۆ ناێت، شتێکی زۆر ئاساییە خەڵکی کوردستان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدەن."
ھەروەھا دەیڤد شینگەر گوتیشی: "ئەمریکا گرنگی بەو بابەتە دەدات چونکە کورد ھاوپەیمانێکی بەھێزی ئەمریکایە، لە ھەمانکاتدا بۆ ئەمریکا گرنگە بزانێ ھەڵوێستی تورکیای ھاوپەیمان و ئەندامی ناتۆ چی دەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە بۆ تورکیا زۆر باشتر لەو ناوچە نائارامەی لە نێوان داعش و عێراقدا درواسێیەکی ئاشتیخواز و مۆدێرنی وەک کوردستانی ھەبێت".
ھاوكات دەیڤد شینگەر، دەشڵێت: "ئێستا وتووێژێکی زۆر جدی و گرنگ ھەیە لە نێوان تورکیا و ئەوروپا و ناتۆ لەبارەی کۆچبەران و بە ئەندامبوونی تورکیا لە ئەوروپا یەکێک لە مەرجەکانی ئەوروپاش کرانەوەی تورکیا و پێدانی ماف و ئازادییەکانە، بۆیە باوەڕ ناکەم تورکیا بتوانێ ئەو دەرفەتە زێرینە لەکیس خۆی بدات."
داڕشتنەوە: ش ، م