به‌ ڤیدیۆ.. پاریس سانجێرمان به‌ فه‌رمی بووه‌ پاڵه‌وانی خولی فره‌نسا

زڵاتان ژماره‌ی گۆڵه‌كانی له‌گه‌ڵ كریستیانۆ یه‌كسان كرده‌وه‌

K24 ـ پاریس

له‌ گه‌ڕی 30ـه‌مینی خولی پله‌یه‌كی تۆپی پێی فره‌نسا، یانه‌ی پاریس سانجێرمان پێش هه‌شت یاریی له‌ ته‌واوبوونی خوله‌كه‌ به‌ فه‌رمی بووه‌ خولی نێوخۆی وڵاته‌كه‌ی‌ و به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ یانه‌ی ترۆیس، جیاوازی خاڵه‌كانی له‌گه‌ڵ یانه‌ی مۆناكۆی دووه‌م گه‌یانده‌ 25 خاڵ.

یانه‌ی پاریس سانجێرمان له‌ دوایین یاری خۆیدا به‌ 9 گۆڵی بێوه‌ڵام له‌ یانه‌ی ترۆیسی برده‌وه‌، له‌و یارییه‌دا زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ سووپه‌رهاتریكی تۆمار كرد، 2 گۆڵیش له‌ لایه‌ن ئیدینسۆن كاڤانی و گۆڵه‌كانیش دیكه‌یش (خافێر باستۆری و ئه‌دریان رابیۆ) تۆماریان كرد، گۆڵێكییش له‌ ماتیۆ سۆلبی به‌ هه‌ڵه‌ له‌خۆیانی تۆمار كرد.

یانه‌ی پاریس سانجێرمان له‌ ئێستادا به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 77 خاڵ سه‌رلیستی خولی پله‌یه‌كی فره‌نسای گرتووه‌، له‌وكاته‌ی یانه‌ی مۆناكۆی ركابه‌ری به‌ 52 خاڵ له‌ خانه‌ی دووه‌م دێت، زڵاتان سوڵتان ئیبراهیمۆڤیچش كۆی گۆڵه‌كانی له‌ لوتكه‌ی گۆڵكارانی خوله‌كه‌ بۆ 27 گۆڵ به‌رز كرده‌وه‌ و ژماره‌كه‌ی له‌‌ خوله‌ به‌هێزه‌كانی نێوخۆی ئه‌ورووپا له‌گه‌ڵ كریستیانۆ یه‌كسان كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ی دووه‌میشیان له‌ لالیگا خاوه‌نی 27 گۆڵه‌.