70 كۆبوونه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ره‌وشی سیاسی هه‌رێم بێ ئه‌نجام بووه‌

كۆبوونه‌وه‌ له‌ پێناو كۆبوونه‌وه‌ بووه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/e8df0d3b-d567-4ca2-b5ad-a3b68c624f3e/be%20anjami%20aw%20zhmarai%20zorai%20kobunewakan.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

لە مانگی ئابی ساڵی رابردوەوە تا ئێستا زیاتر لە ٧٠ کۆبوونەوەی ئاشکرا لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان كراوە، جگە لە چەندین کۆبوونەوەی دوور لە چاوی کامێراکان، لە ھەموو کۆبوونەوەکانیشدا  بانگەشەی چارەسەركردنی بارودۆخی سیاسی و ئابووری ھەرێمی کوردستان کراوە.

بەشێک لە سیاسەتوانانی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێن: "تا حزبەکان بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان نەخەنە لاوە كێشەكان چارەسەر ناكرێن".

٩ کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی و چوار کۆبوونەوەی چوار قۆڵی و یەك کۆبوونەوەی ١٠ کاتژمێری، دیارترین ئەو کۆبوونەوانە بوون کە لە ماوەی ٦ مانگی رابردوو لەنێوان لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان ئەنجام دراون.

سەرجەم کۆبوونەوەکان لە بێئەنجامی و ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە، ھیچی دیکەیان لێ وەبەرنەهاتووە، به‌بۆچوونی ئەندامی کۆنترین حزبی کوردی لە باشووری کوردستان وشەی کۆبوونەوە و ئاوازەکەی بۆ کورد خۆش نییە و خەڵکی کوردستان مێژووی تاڵی لەگەڵ کۆبوونەوە ھەیە.

زیره‌ك كه‌مال هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "چه‌ند ره‌گه‌زێك هه‌ن بۆ كۆبوونه‌وه‌ گرنگن، ئه‌وانیش ئامانجی كۆبوونه‌وه‌ و ئه‌و ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ میكانیزمه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌درێن، پێویسته‌ سیاسییه‌كانیش جیاوازی له‌ نێوان كۆبوونه‌وه‌ و مژده‌ بكه‌ن".

هه‌روه‌ها گوتی: "پێویسته‌ كۆبوونه‌وه‌كات كورت و چڕوپڕ بن".

لیژنەی سەردانیکردنی لایەنە سیاسیەکان، ئەو لیژنەیە بوو، کە ھەریەکە لە پارتی، یەکێتی، یەکگرتووی ئیسلامی، بە جیا دروستیان کردن و ئەرکیان سەردانی کردنی لایەنەکان بوو، کاری ئەوانیش بێ ئەنجام بوو، ھەموویان داوای کۆبوونەوەی فراوانیان دەکرد لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەو کۆبوونەوەیەش ئەنجامدرا، ئەو لیژنەیەی کۆبوونەوەکە دروستیکرد بۆ چاککردنی دۆخەکە، بەھۆی مەرجی ھەندێ لایەن کارەکانی به‌ بێ دانانی خاڵی یەکلاکەرەوە وەستا.

ھیوا سەید سەلیم گوتی: "نه‌بوونی ده‌ستوور قه‌یرانه‌كانی قووڵتركردنه‌وه‌، زۆربه‌ی زۆری ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی ده‌كرێن، هیچ ئه‌نجامێكییان نابێ، هۆكاری ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و نیشتمانییان فه‌رامۆش كردووه‌".

سەرەتای سەرھەڵدانی کێشە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان لەو دانیشتنەی پەرلەمانی کوردستان سەرچاوەی گرت کە بە زۆرینەی ئەندامەکانی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم کرد و فراکسیۆنی پارتی و چەند حیزبێکی دیکەش بایکۆتییان کرد.

جارێکی دیکە لەگەڵ ئەوەی لە کۆبوونەوەی سەرجەم لایەنەکان بە سەرپەرشتی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بریاردرا، کۆبوونەوەی دووەمی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی دووەمی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ئەنجامنەدرێت، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەیداو نەیتوانی رێژەی یاسایی لە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکە تەواو بکات.

سیاسیەکانیش دەڵێن ئیدی لەوێوە دۆخی چەقبەستووی ھەرێمی کوردستان قووڵتربووه‌وه‌و چارەسەری کێشەکان گەیشتە بنبەست.