وەزیری دادی میسر لە پۆستەکەی لابرا

وەزیری دادی میسر لە پۆستەکەی لابرا

K24-هەولێر

حکوومەتی میسر رایگەیاند کە سەرۆک وەزیرانی میسر، شەریف ئیسماعیل بڕیاریدا وەزیری داد لە حکوومەتەکەی، ئەحمەد ئەلزند لە پۆستەکەی دووربخاتەوە، ئەم پێشهاتەش هاوکاتە لەگەڵ لێدوانێکی وەزیری داد کە شەپۆلێک رەخنەی بەدوای خۆیەوە هێنا.

حکوومەتی میسر لە راگەیەندراوێکدا هۆکارەکانی دوورخستنەوەی وەزیری دادی ئاشکرا نەکرد، بەڵام راگەیەندراوەکە دوای چەند کاتژمێرێک لە هەڵوێستی توندی ئەزهەری میسر لە دژی ئەو وەزیرە بڵاوکرایەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوو وەزیری دادی میسر، ئەحمەد ئەلزند لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: "ئەوەی سەرپێچی بکات سزا دەدرێ ئەگەر چی پەیامبەریش بێ". بەڵام ئەلزند دواتر داوای لێبوردنی کرد و رایگەیاند کە ئەو مەبەستی سوکایەتیکردن نەبووە بە پەیامبەر.

ئەمەش شەپۆلێکی رەخنەی توندی ئەزهەری میسر و چەند رێکخراوێک و لایەنێکی دیاری میسر بە دوای خۆیەوە هێنا کە بە سوکایەتیکردنیان ناوبرد بە پەیامبەری ئیسلام.

هاوکات سەرۆکی یانەی دادوەرانی میسر، عەبدوڵڵا فەتحی رایگەیاند: "هەڵەیە بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ کەسایەتییەکی وەکوو موستەشار ئەحمەد ئەلزند بکرێ و دادوەرانی میسر غەمبارن بەوەی ئەو کەسەی کە بەرگریی لە میسر و گەلەکەی و دادگا و نیشتمان کرد لە دژی گرووپە تیرۆریستییەکان کە ویستیان میسر برووخێنن، بەم شێوەیە پاداشت بکرێ".

سەرۆکی یانەی دادوەرانی میسر گوتیشی: "وادیارە پاشماوەکانی گرووپە تیرۆریستییەکان هێشتا لە نێو دەزگاکانی دەوڵەتدا ماون بۆیە پرسەکان بەم ئاراستەیە دەبەن و بەردەوام لە سەنگەردان بەرمابەر هەموو نیشتمان پەروەرێکی دڵسۆز".

وەزیری پێشووی دادی میسر، ئەحمەد ئەلزند یەکێکە لە بەرهەڵستکارە سەرسەختەکانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین لە میسر.

سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف