گوندێكی باكووری كوردستان یەك كیلۆمەتر و نیو دەبڕن بۆ ئەوەی تەلەفۆن بەكار بێنن
تۆڕی پەیوەندیەكانی مۆبایل لەدەڤەرەكە زۆر لاوازە بۆیە خەڵك ناچارە روو لەبەرزاییەكان بكەن.
K24 - ھەولێر:
خەڵكی گوندی كایاشكی سەر بەموشی باكووری كوردستان یەك كیلۆمەتر و نیو دەبڕن بۆ ئەوەی تەلەفۆن بەكار بێنن، بۆ سەر تەپۆڵكەكانی دەوروەیان ھەڵدەكشێن.
ڤەیسەل بیلەنین، موختاری گوندی كایاشكی دەڵێت: " گوندەكەمان 45 ماڵی تیادا دەژین ، بەلایەنی كەم پێنج سەد كەس زیاتر لێرە دەژین ، كەچی پێویستە یەك كیلۆمەتر و نیو لەگەڵ خاو خێزانمان سەركەوین، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو گردە تەلەفۆنێك بكەین، چونكە لەنێو ماڵ و گوند نای كێشێ.
زۆزان تانیەر، قوتابیە و دانیشتوی گەندەكەدەڵێت: " بەیانی تاقی كردنەوەم ھەیە و بۆ ئەوەی ورەم بەرزبێتەوە زیاتر لەیەك كیلۆمەتر ڕێگەم بڕیوە بۆ ئەوەی بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ مامۆستاكەم بكەم ".
سڕی ئۆزجان ھاوڵاتیەكی دیكەی گوندەكە گوتی: "سەیركە پێنج مەتر سەر دار كەوتووم كەچی ھەر نەی كێشا، پێویستە ھاوكاریبكرێین ".
لەبەر ئەوەی تۆڕی پەیوەندیەكانی مۆبایل لەدەڤەرەكە زۆر لاوازە بۆیە خەڵك ناچارە روو لەبەرزاییەكان بكەن.
گوندەكە سی و پێنج كیلۆمەتر لەشارەوە دوورە و ھەر لە سەرەتای دەرچوونی تۆڕەكانی مۆبایل ئەوان ئەو كێشەیان ھەیە و وێڕای چەندین داواكاریش كەچی ھیچ رێگە چارەیەكیان بۆ نەدۆزراوەتەوە.
داڕشتنەوە: ش ،م