نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش تاقە براوەیە
K24-هەولێر
نێردەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا، ستیڤان دیمستۆرا رایگەیاند داعش تاقە براوەیە.
ستیڤان دیمستۆرا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی دەیڵی تێلیگرافی بەریتانیا کە بە ناونیشانی (نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دەدا: دەوڵەتی ئیسلامیی تاقە براوەیە لە سووریا)، ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە دەڵێ: "ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی باشترین شێوازی چارەکردنی قەیرانی سووریا تەنیا سوود بە دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش) دەگەیەنێ".
رۆژنامەکە دەشڵێ ئەم لێدوانە پێش چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی گەڕی سێیەمی دانووستانەکانی جنێڤ لە نێوان رژێمی ئەسەد و بەرهەڵستکارانی، هات.
رۆژنامەی رۆژنامەی دەیڵی تێلیگراف ئاماژەش دەکات کە: "دانووستانەکان یەکەم گەڕی سیاسییە بۆ هەوڵی چارەکردنی قەیرانی سووریا لە دوای دەستوەردانی سەربازیی رووسیا بۆ پاڵپشتیکردنی رژێمی ئەسەد". دەشڵێ: "ئاگربەست لە نێوان هەردوولا وا بۆ دوو هەفتەیە بەرگەی گرتووە و رێژەی سەرکەوتنیش گەیشتووەتە رێگەگرتن لە 90%ی پێکدادانەکان کە پێش ئاگربەستەکە بەرپا بوون".
دەیڵی تێلیگراف هاوکات تیشک دەخاتە سەر پلانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێشنیاز کراوە بۆ ئەوەی بە درێژایی 18 مانگ بەردەوام بێ و بریتییە لە پێکهێنانی حکوومەتێکی کاربەرێکەر و دانانی دەستوورێکی نوێ و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد، بەڵام رۆژنامەکە دەڵێ: ئەم پلانە لە بەرامبەر بەدەنگەوە نەهاتنی داواکاریی بەرهەڵستکاران بۆ ئازادکردنی دەیان هەزار بەندکراوی سیاسیی لە لای رژێمی ئەسەد، دووچاری شکستبوونە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی روانگەی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا و چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی نزیکەی 50% روبەری خاکی سووریا لە بندەستی چەکدارانی داعشدایە.
ئا: ئا ، ف
