عێراقچی کات و مەرجی جێبەجێکردنی پلانە حەفت رۆژییەکەی ئێران ئاشکرا دەکات
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: تاران لە پەیوەندیی نزیک و بەردەوامدایە لەگەڵ نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان بۆ تاوتوێکردنی دەستپێشخەرییەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هاوکات جەختی کردەوە کە ئەو پلانە حەفت رۆژەیەی پێشکەشیان کردووە، دەکرێت بە کەمتر لە هەفتەیەکدا جێبەجێ بکرێت.
چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، تاران لە پەیوەندیی چڕ و بەردەوامدایە لەگەڵ نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەو بیرۆکانەی کە زامنی جێبەجێکردنی پێشنیازەکەی تاران دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتی: پلانی حەفت رۆژە کە لە لایەن ئێرانەوە پێشنیاز کراوە، لە ئەگەری رەزامەندیی لایەنەکان و جێبەجێکردنیدا دەتوانرێت لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا ئەنجام بدرێت.
پێشتر عێراقچی رایگەیاندبوو، کە ئەم دەستپێشخەرییە ڕێگە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز خۆش دەکات دوای جێبەجێکردنی کۆمەڵێک مەرجی دیاریکراو؛ بەڵام بەهۆی رەتکردنەوەی پێشنیازەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، قەتەر هەوڵە نێوەندکارییەکانی زیاتر چڕ کردووەتەوە.
رەشنووسی نوێی دەوحە بۆ ئاگربەست
ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئاگادار لە رەوتی دانوستانەکان ئاشکرای کرد، کە شاندی قەتەر، ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو، رەشنووسێکی نوێیان پێشکەشی ئێران کردووە بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن و راگرتنی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
ئەو بەرپرسە باسی لەوە کرد، کە رەشنووسە نوێیەکە لەسەر بنەمای خشتەیەکی زەمەنیی حەفت رۆژە داڕێژراوە، کە تێیدا چەندین هەنگاوی دوولایەنە بۆ بنیاتنانی متمانە و چارەکردنی نیگەرانی و داواکارییەکانی هەردوو لایەنی واشنتن و تاران دیاری کراون، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتاییی ئەم هەفتەیە تاران وەڵامی فەرمیی خۆی لەسەر ئەو پێشنیازە نوێیە رابگەیەنێت.