یارییه‌كانی ئه‌مڕۆی خولی نایابی كوردستان كۆتایی هات
داهاتووی زۆربه‌ی یانه‌كان یه‌كلایی بووه‌وه
K24 ـ هه‌ولێر
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له چوارچێوه‌ی یارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان 3 یاریی گرینگ به‌رێوه چوون.
یانه‌ی هه‌ولێر له یاریگه‌ی یه‌كه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری میوانداریی یانه‌ی ئاراراتی كرد و یارییه‌كه‌یش به یه‌كسانبوون به گۆڵێك بۆ هه‌ر لایه‌كیان كۆتایی هات.
گۆڵه‌كه‌ی هه‌ولێر له لایه‌ن رابه‌ر خالید و هی ئاراراتیش عه‌لی عه‌زیز تۆماری كرد.
یانه‌ی هه‌ولێر خاڵه‌كانی له لوتكه‌ی خوله‌كه بۆ 19 خاڵ به‌رز كرده‌وه و گه‌یشتنی به قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێڕین نزیك بووه‌وه. یانه‌ی ئاراراتیش به 14 خاڵ بۆ خانه‌ی پێنجه‌م دابه‌زی، به‌ڵام هێشتا ئومێدی گه‌یشتنی به قۆناخی داهاتوو له‌ده‌ستنه‌داوه.
له یارییه‌كی دیكه‌یشدا، له شاری دهۆك یانه‌ی كه‌ركووك بووه میوانی یانه‌ی زێره‌ڤانی، یارییه‌كه‌یش به گۆڵێكی بێوه‌ڵام به سوودی یانه‌ی زێره‌ڤانی كۆتایی هات، تاكه گۆڵی یارییه‌كه‌یش بیلال ساڵح تۆماری كرد، به‌م ئه‌نجامه‌یش زێره‌ڤانی مانه‌وه‌ی له خوله‌كه مسۆگه‌ر كرد و بۆ گه‌یشتن به قۆناخی داهاتوویش پێویستی به موعجیزه‌یه، كه‌ركووكیش له گه‌یشتن به قۆناخی داهاتوو بێهیوا بوو، چونكه له یاری داهاتوو پشووه و ئه‌م وه‌رزه بۆ كه‌ركووكییه‌كان كۆتایی هات.
له دوایین یاریی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه، له شاری هه‌ولێر، یانه‌ی هه‌ندرێن به گۆڵێكی بێبه‌رانبه‌ر به یانه‌ی زاخۆ دۆڕا، به‌م ئه‌نجامه‌یش بارودۆخی یانه‌ی هه‌ندرێن یه‌كلایی بووه‌وه و له یاری پاشكۆ ڕووبه‌ڕووی یانه‌ی سۆلاڤ ده‌بێته‌وه، یانه‌ی زاخۆیش هیوایه‌كانی بۆ گه‌یشتن به قۆناخی داهاتوو زیندوو بووه‌وه.
خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له 2006ـه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت، له یه‌كه‌مین وه‌رزی خوله‌كه‌یش یانه‌ی دهۆك نازناوه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناوه، هه‌ریه‌ك له یانه‌كانی بروسك و هه‌ولێریش هه‌ڵگری 2 نازناوی خوله‌كه‌ن، یانه‌ی هه‌ندرێنیش بووه پاڵه‌وانی وه‌رزی 2010 ـ 2011، یانه‌ی زێره‌ڤانی شاری دهۆكیش هه‌ڵگری نازناوی 3 خولی له‌سه‌ریه‌كی رابردووه.