بێرنارد كۆشنەربۆ كوردستان 24: ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ سەربەخۆبوونی كوردستان

"کاتی ئەوە ھاتووە ئێستا کورد بە رۆژھەلاتی ناوەڕاست و جیھان رابگەیەنێت کە كوردستان دەتوانرێت ببێتە مۆدێلێکی سەقامگیریر و ئاشتی"

K24 - ھەولێر:

بێرنارد کۆشنەر، وەزیری دەرەوەی پێشووی فەڕەنسا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان٢٤)، رایگەیەیاند، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سنوورە کۆنەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەبیر بکات و دان بە راستیە نوێکەی ناوچەکەدا بنێت و ئاشکراشی دەکات ئێستا کاتێکی گونجاوە بە سەربەخۆبوونی کورد.

بێرنارد کۆشنەر، گوتی: " بڕیاری سەربەخۆی بەدەست کورد خۆیەتی، بەڵام من لەوبڕوایەدام ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ سەربەخۆیی، لەبەرئەوەی ئەو ھەرێمە، سەقامگیرترین و دیموکراتیترین شوێنە، رەنگە دیموکراتییەکەتان کامڵ نەبێت، بەڵام لەکوێی جیھان دیموکراسی تەواودەبینی، پێموایە کاتی ئەوە ھاتووە ئێستا کورد بە رۆژھەلاتی ناوەڕاست و جیھان رابگەیەنێت کە ئێرە دەتوانرێت ببێتە مۆدێلێکی سەقامگیریر و ئاشتی، بەڵام دەبێ کورد لەناوخۆیدا یەکگرتوو بێت، چونکە زۆر شەڕ و گرژیی نێوخۆیی کوردم بینیووە لەساڵانی رابردوودا".

بێرنارد کۆشنەر، گوتیشی: " کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ناوچەکە دەترسن، بۆیە ئەوان دوودڵن لە پڕچەککردنی ھێزی پێشمەرگە بەشێوەیەکی راستەوخۆ، رۆژئاوا بڕوای بە سنوورە کۆنەکان ماوە، بەڵام ئێمە دەبێ بزانین سنوورە کۆنەکان چیدیکە نەماوە و دەبێ مامەڵە لەگەڵ ئەو راستیەدا بکەین".

لەبارەی داھاتووی سووریا کۆشنەرگوتی: "زۆر زەحمەتە بزانیت داھاتووی سووریا چی بەسەردێت، لەبەرئەوەی رەوشی سووریا زۆر ئاڵۆز بووە،دواتر نازانیت رۆڵی رووسیا و پۆتین لەسووریا چییە، باس لەبەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکرێت لە سووریا، ئایا دەکرێت ئەو کارە ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا ھەموو وڵاتەکە شەڕوکوشتاری تێدایە".

 کۆشنەر کە بە دۆستێکی دێرینی کورد ناسراوە زیاتر لە 40 ساڵە ئاشنای کەیسی کوردە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، باس لەوە دەکات بڕیاردانی بەڕێوەچوونی ریفراندم و سەربەخۆییبوونی کورد، بەدەست کەسی دێکە نییە، تەنیا کورد نەبێت.

داڕشتنەوە: ش ،م