ئه‌مه‌ریكا هاوكاری دارایی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/5f44025b-56d9-4921-a015-a44ee87141ce/Amrica%20Hawkari%20Peshmerge.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

ئیدارەی ئۆباما تاووتوێی ھاوكاریكردنی دارایی بەپەلە بۆ پێشمەرگە دەكات، ئەو ھاوکارییە داراییەی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە دوای ئەوە دێت، بەرپرسانی سەربازیی ئه‌و وڵاته‌ لە ھەرێمی کوردستان، له‌ باره‌ی قەیرانی دارایی، ھۆشدارییان داوەتە کۆشکی سپی و پێشتریش بۆ ھەمان مەبەست چەند شاندێكی باڵای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی ئەمریكایان كرد و داوای هاوكارییان كردبوو.

ئیدارەی ئۆباما پاکێجێکی بۆ ھاوکاری بەپەلەی بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئامادە کردووە، ئامادەکردنی ئەم پاکێجە بۆ ھاوکاری دارایی پێشمەرگە، دوای ئەوە دێت، بەرپرسانی سەربازی ئەمریکی لە ھەرێمی کوردستان، ھۆشدارییان داوەتە کۆشکی سپی سەبارەت بە قەیرانی دارایی ھەرێمی کوردستان.

بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوردستان، بە ئیداره‌ی ئۆبامایان راگەیاندووە، بۆئەوەی قەیرانی دارایی کاریگەری خراپی لەسەر هه‌ڵمه‌تی شەڕی دژی داعش نەبێت، ھەرچی زووە مووچە و پێویستی پێشمەرگە دابین بکرێت.

بەرپرسانی سەربازی ئەمریکی لە کوردستان ئاشکرایاندووە، دابەزینی نرخی نەوت و لەخۆگرتنی نزیکەی ٢ ملیۆن ئاوارە و شەڕی داعش، کاریگەریی خراپی کردووه‌تە سەر ئابووری ھەرێمی کوردستان.

ئیدارەی ئۆباما رەزامەندی تەواوی نیشانداوە بۆ ھاوکاریکردنی دارایی پێشمەرگە و دابینکردنی مووچە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی نایشارنەوە، بەھۆی نەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ و سەروەرییەوە، وەك چۆن کوردستان ناتوانێت لە  بانکی نێودەوڵەتی قەرز وەربگرێت، بەھەمان شێوە، گەیاندنی ھاوکارییەکانی ئەمریکا بە کوردستان، زەحمەتە و دەبێت لەرێگەی بەغداوە بێت.

سەبارەت بەگەیشتنی ھاوکارییە داراییەکە، بەرپرسانی ئەمریکی بەدووری دەزانن بەغدا بتوانێت کێشە بۆ گەیشتنی پارەکە دروست بکات، چونکە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ عێراق پشتی بە ھێزی پێشمەرگە بەستووە و وەك بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا دەڵێن، پێشمەرگە ھێزی سەرەکی دەبێت لە ئۆپه‌راسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ.

بەرپرسێکی باڵا لە ئۆفیسی باراك ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکردووە، ئەگەر لەم قەیرانە داراییەدا کە ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی تێکەوتووە، ھاوکارییان نەکەین، ناتوانین لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵدا بەشدارییان پێ بکەین.

ھاوکارییەکەی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە، تەنھا چەك و تەقەمەنی نییە، بەڵکو ئه‌مجاره‌ كۆشكی سپی دەیەوێت بە پێدانی مووچە، خۆراك و سووتەمەنی، ھاوکاری پێشمەرگە بکات.

بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا، لە چەند ھەفتەی رابردوودا، باسییان له‌ چۆنیەتی و چەندێتی ھاوکارییەکانی ئەمریکایان کردووە بۆ کوردستان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەسانی نزیك لە گفتوگۆکان، بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای ٢٠٠ ملیۆن دۆلاریان کردووە بۆ دابین کردنی پێویستیەکانی پێشمەرگە.

بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا، بە شاندی حکوومەتی ھەرێمیان راگەیاندووە، لە ئێستادا بە ٥٠ ملیۆن دۆلار پێویستییە سەرەکییەکانی پێشمەرگە بە شەڕی موسڵیشەوە، دابین دەکرێت.

ئێستا، ھەردوولا رێککەوتوون، ھاوکارییەکی دارایی کە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ھێزی پێشمەرگە تەرخان بکرێت.

بەرپرسانی ئەمه‌ریکی، ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، چەك و تەقەمەنی لەلایەن ئەمریکا و ھاوپەیمانانەوە بە بێ پارە دەدرێتە پێشمەرگە، بەڵام بەبەردەامی بەرپرسانی کورد گلەیی لە کەمی و خراپی چەك و تەقەمەنیەکان دەکەن و دەڵێن بۆ شەڕی دژ بە داعش، پێویستیان بە چەکی قورسە.