بارزانى: له جێبهجێكردنی بڕیارهكانی چاكسازیدا چاوپۆشی لهكهس نهكرێت
"هەنگاوەكانی چاكسازیی سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان بگرێتەوە"
K24 – ههولێر:
بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی چاكسازی و بەدواداچوون بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە، دوێنێ له سەڵاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری و دەستەی دەسپاكیی و دەزگای داواكاری گشتیی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان كۆبوویهوه.
لە كۆبوونەوەكەدا بارزانی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئەنجوومەنی دادوەری و دەزگا چاودێرییەكانی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ خێراتركردنی پڕۆسەی چاكسازی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خستەڕوو.
داواشیكرد: "لە جێبەجێكردنی بڕیارەكان چاوپۆشی لە كەس نەكرێت و هیچ كەیس و كەسێكیش لە لێپێچینەوە و دادگاییكردن ئیستیسنا نەكرێت لە هەر پلە و پایەیەكدا بێت و سەر بە هەر هێز و لایەنێك بێت".
ههروهها داواشیكرد: "هەنگاوەكانی چاكسازیی و بەدواداچوون بۆ گەندەڵی و سەرپێچییەكان سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان بگرێتەوە".
لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بەشداربووان ڕۆشناییان خستەسەر هەنگاوە كردارییەكانی پڕۆسەی چاكسازی و باسی ئەو كۆسپ و تەگەرانەیان كرد كە دەبنە ڕێگر لەبەردەم بەدواداچوون بۆ كەیسەكان و بڕیاری پێویست بۆ نەهێشتنی كۆسپ و تەگەرەكان درا.
سهرچاوه: ماڵپهڕی سهرۆكایهتیی ههرێم