گاڤرێڵ مێرۆن: گرنگە جیھان ئاشنای قوربانیدانەكانی كورد بێت
"زۆر گرنگە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفال بە جینۆساید بناسێنێت"

K24 – ھەولێر:
گاڤرێل مێرۆن، پارێزەری قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، له لێدوانێکی تایبەت بۆ (كوردستان24) رایگەیاند، گرنگە جیھان ئاشنای قوربانیدانەكانی كورد بێت.
گاڤرێل مێرۆن،سەبارەت بە جینۆسایدناساندنی کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفال لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، گوتی: "زۆر گرنگە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفال بە جینۆساید بناسێنێت، لەبەرئەوەی قوربانیان و کەسوکاریان ھەست نەکەن کە ھیچ لایەک گوێی بە قوربانیدان و ناھەمەتییەکانیان نادات ھەروەھا گرنگیشە بۆ گەلی کورد و کوردستان کە جیھان دان بەو جینۆسایدەدا بنێت و جیھان ئاشنای قوربانیدانەکانی رابردووی کورد بێت".
لە 16ئاداری 1988 رژێمی بەعس چەكی كیمیایی لە دژی ھاووڵاتیانی ھەڵەبجە بەكارھێنا، بەم ھۆیەوە 5 ھەزارھاووڵاتی گیانیان لە دەستدا وبەڵام بۆ ژمارەی برینداران تا ئێستا ئامارێكی فەرمی لە بەردەستدانیە، ئامارە نافەرمییەكان باس لەوەدەكەن ژمارەی بریندارانی بەركەوتەی چەكی كیمیایی لە ھەڵەبجە دەگاتە 20 ھەزار كەس، تا ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كیمیابارانی ھەڵەبجەی بە جینۆساید نە ناساندووە.