106 هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی فەرەنسادا کردووە
بۆ پێنجەمین هەفتە لەسەریەک، دەیان هەزار هاووڵاتی، خوێندکار و ئەندامانی سەندیکاکانی کرێکاران لە سەرانسەری فەرەنسا رژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی ژیان و دژایەتیکردنی پڕۆژەیاسای نوێی پۆلیس؛ لە هەمان کاتدا ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بە کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداربووان دەکەن بەراورد بە هەفتەکانی پێشوو.
لۆران نونیێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، بە گوێرەی داتاکانی دەزگا ئەمنییەکان، ئەمڕۆ شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، نزیکەی 106 هەزار کەس لە سەرانسەری وڵاتدا بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکان کردووە، کە لەو ژمارەیە 24 هەزار کەسیان لە شاری پاریسی پایتەختدا بوون. ئەمەش نزمترین ئاستی بەشداریکردنی خۆپیشاندەرانە لە کۆتایی هەفتەدا لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، بەوپێیەی لە شەممەی پێشوودا زیاتر لە 146 هەزار کەس بەشدارییان کردبوو کە 46 هەزاریان لە پاریس بوون.
لە بەرامبەردا، هاوپەیمانیی سەندیکاکانی خوێندکاران و گەنجان ئاماری جیاوازیان خستەڕوو و رایانگەیاند، ژمارەی خۆپیشاندەران لە سەرانسەری فەرەنسادا گەیشتووەتە نزیکەی 200 هەزار کەس، کە لەو ژمارەیە بە تەنیا 100 هەزار کەسیان لە پاریس بەشدارییان لە رێپێوانەکاندا کردووە.
خۆپیشاندانەکەی پاریس لە گۆڕەپانی کۆمار بەرەو گۆڕەپانی نەتەوە لە رێگەی گۆڕەپانی باستیلەوە بەڕێوە چوو، کە تێیدا خۆپیشاندەران دروشمی دژ بە گرانی و نادادپەروەرییان بەرزکردەوە. لە میانەی خۆپیشاندانەکان، گرژی لەنێوان بەشێک لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو کاتێک هەوڵ درا لە ڕێڕەوی دیاریکراو لا بدەن، بەڵام لەلایەن پۆلیس بڵاوەیان پێ کرا و بەپێی زانیاریی رۆژنامەنووسان لە شوێنی رووداوەکە کەسێک بریندار بوو.
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە نزیکەی 70 هەزار ئەفسەری پۆلیس و ژەندرمەی لە شارە جیاوازەکاندا بڵاوە پێکردبوو، و گوتەبێژی وەزارەتەکەش دووپاتی کردەوە کە بارودۆخی گشتی لە سەرانسەری وڵات لەژێر کۆنترۆڵ و هێمندایە، سەرەڕای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان لەوپەڕی ئامادەباشیدا دەمێننەوە بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە توندوتیژی و ئاژاوەگێڕییەک.