فریاد رواندزی: پێویستە عێراق ھەوڵبدات سەرچاوەی دیكەی داھات بدۆزێتەوە
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەنگاوی گەورەی ناوە بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار
K24 - ھەولێر:
وەزیری رۆشنبیری وعێراق رایگەیاند، پێویستە عێراق ھەوڵبدات سەرچاوەی دیكەی داھات بدۆزێتەوە، ئاماژەی بۆ ئەوشكرد، كەرتی گەشتوگوازی بۆتە كۆڵەكەیەكی سەرەكی وڵاتان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەنگاوی گەورەی ناوە بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار.
لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی گەشتیاری لە ھەولێر فریاد رواندزی، وەزیری رۆشنبیری عێراق رایگەیاند: "ئێستا كەرتی گەشتوگوازی بۆتە كۆڵەكەیەكی سەرەكی وڵاتان و ئێستاش بۆتە یەكێك لە بنچینەی دروستكردن و زیادكردنی داھاتی وڵاتان، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەنگاوی گەورەی ناوە بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار".
گوتیشی: "لە عێراق ھەوڵدەدەین گەشتوگوزار بكەینە پیشەسازی نەتەوەیی و پێویستە دەرگاكان بكەینەوە بۆ ئەوەی زیاتر سەرنجی كۆمپانیا گەورەكان رابكێشین و ئاسانكاری زیاتریان بۆ بكەین".
فریاد رواندزی، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پێویستە عێراق ھەوڵبدات سەرچاوەی دیكەی داھات بدۆزێتەوە و تەنھا پشت بە نەوت نەبەستێ، ھەرێمی كوردستان بە ھاوكاری لەگەڵ وەزارەتی گەشتوگوازی عێراق دەتوانن بە ھەماھەنگی كار بكەن ئەم كەرتە زیاتر بەرەو پێشەوەببەن".